زیانی سه‌رمایه‌ی "زوکەربێرگ" گه‌یشته‌ 7 ملیار دۆلار

بەهای پشکەکانی فەیسبووك‌ 40 ملیار دۆلار دابەزی
"مارک زوکەربێرگ"، خاوه‌نی كۆمپانیای فەیسبووك
"مارک زوکەربێرگ"، خاوه‌نی كۆمپانیای فەیسبووك

K24 - هه‌ولێر:

دانیشتووانی سەر گۆی زەوی بۆ یەکەمجار دوای هۆگریبوون، شەش کاتژمێریان بێ تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی، فەیسبووک، ئینستاگرام و واتس ئەپ بەڕێکرد.

سەرەڕای ئەوەی "مارک زوکەربێرگ" دوای گەڕاندنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای لێبوردنی کرد، کە بەهۆی ئەو لە کارکەوتنەوە پەیوەندی نێوان هاووڵاتیان پەکیکەوتووە، بەڵام ئەو پەککەوتنە زیانی زۆری بە کۆمپانیاکە گەیاند.

لە مامەڵەکانی رۆژی دووشەممەدا بەهای پشکەکانی فەیسبووک سەدا 4.9  کە دەکات 40 ملیار دۆلار لە بەهای بازاڕییەکەی دابەزی. لە هەر خولەکێکدا 164 هەزار دۆلار و لە تەواو رۆژەکەدا 60 ملیۆن دۆلاری زیانی بە کۆمپانیاکە گەیاند.

سەرمایەی "مارک زوکەربێرگ" دامەزرێنەری فەیسبووک کە خاوەنداری سەدا 14ـەی پشەکەکانی کۆمپانیاکە دەکات، نزیکەی 7 ملیار دۆلار کەمی کرد.  بەمەش لە ریزبەندی پێنجەم دەوڵەمەندی "فۆربس" بۆ پلەی شەشەم دوای لاری ئەلیسۆن دامەزرێنەری ئۆراکل دابەزی.

لە هەمان کاتدا، کۆمپانیای فەیسبووک لە ریزی ئەو کۆمپانیایەنە بوو، کە قەبارەی بازاڕیان ترلیۆنێک دۆلاری تێپەڕاندبوو، وەک ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، ئەلفابێت و ئامازۆن، بەڵام دوای ئەم زیانەی رۆژی دووشەممە قەبارەکەی بۆ 919.79 ملیار دۆلار کەمی کردووە، لە لیستی گەورە کۆمپانیاکان دەرچوو.

زیانەکان تەنیا بە فەیسبووک نەوەستا، بەڵکو گەورە پێنوێنەکانی بواری تەکنەلۆژیان بە دوای ئەو ئاراستەی دابەزینیان وەرگرت، وەک پێنوێنی ناسداک بە رێژەی سەدا 2.1 بۆ 14،255.48 خاڵ دابەزی، داوجۆنزی پیشەسازی بە رێژەی سەدا 0.9 بۆ 34،002.92 خاڵ دابەزی، ئێس ئاند پی 500 بە رێژەی سەدا 1.3 بۆ 14،255.48 خاڵ دابەزی. پشکی هەر یەکە لە گەورە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای وەک ئامازۆن، نێتفلێکس و ئەلفابێت رۆژێکی سەختیان تێپەڕاند و سەدا دووی بەهاکانیان لەدەستدا.

 

د.ی