نێچیرڤان بارزانی: دەبێ پارێزگاری داهاتووی کەرکووک کورد بێت

"زۆر ناڕازین لە بارودۆخی ئێستای کەرکووک و ئیدارەکەی، چونکە ئیدارەیەکی سەپێندراوە، نەک هەڵبژێردراو"
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان - 5/10/2021 - هەولێر
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان - 5/10/2021 - هەولێر

K24 – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند: "زۆر ناڕازین لە بارودۆخی ئێستای کەرکووک و ئیدارەکەی، چونکە ئیدارەیەکی سەپێندراوە، نەک هەڵبژێردراو. دەبێ پارێزگاری داهاتووی کەرکووک کورد بێت و خزمەتی هەموو پێکهاتەکان بکات".

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە هەولێر گوتی: "لە دوای دروستکردنی دەوڵەتی عێراقەوە خەڵکی کەرکووک ئازار دەدرێن و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکە دەدرێت و بە عەرەب دەکرێت، خەڵکەکەی ماندو دەکرێ، کوردستانی بوون و کەرکووکی بوون سەختە، لەبەر ئەوەش ئێمە هەموومان بە هەست و سۆز و عەقڵەوە هەموومان کەرکووکین، ئەوەی کە پارتی و سەرۆکی پارتی مەبەستیەتی ئەوەیە خەڵکی کەرکووک بحەسێنەوە، نەوت و سامانی سرووشتی ببێتە مایەی پێشکەوتن و دروستکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی کەرکووک، نەک مایەی تەماحکاری و گۆڕینی ناسنامەی کەرکووک. شەڕی ئێمە شەڕ بووە لەسەر ناسنامەی نیشتیمانیی و مێژووی کەرکووک، هەروەک خانەقین و شنگال و مەخموور، بێ ئەوەی ئێمە دژی هیچ نەتەوەیەک بین، داوای ئێمە بۆ نەوتی کەرکووک نییە، بەڵکو لەسەر ناسنامەی کەرکووکە، ئێمە نامانەوێت شەڕێکی نەتەوەیی بە کەرکووکییەکان بکەین، پێچەوانەی شۆڤینییەکان دەمانەوێت ئارامی و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و هاوبەشی راستەقینە لە کەرکووک هەبێت لەنێوان هەموو پێکهاتەکان".

گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقەوە، چارەنووسی کەرکووک یەکلا بکرێتەوە، ئەمەش ویسێکی رەوا و یاساییە، لێرەوە دووبارە داوای جێبەجێکردنی دەکەین، ئەوانەی دژی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـن دژی ئارامی و پێکەوەژیانن لە عێراق. ئێمە نامانەوێت هیچ پێکهاتەیەک لە کەرکووک بشکێت، بەڵکو دەمانەوێت هەمووان بە ئاشتی پێکەوە بژین".

نێچیرڤان بارزانی، راشیگەیاند: "تا ئەوکاتەی ئیدارەیەکی شەرعی لە کەرکووک هەبوو، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی توانیمان زۆر پڕۆژەی خزمەتگوازاری لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان لە کەرکووک جێبەجێ بکەین، هاوکات ئیدارەی ئەوکاتی کەرکووک لەسەر پارەی پترۆڵ دۆلار زۆر پڕۆژەی یەنجامداوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "دڵنیاین هیچ عەشیرەتێکی عەرەب نایانەوێت ببێت بە بەشێک لە سیاسەتی شۆڤینی و بە عەرەبکردن لە کەرکووک".

جێگری سەرۆکی پارتی، باسی لەوەشکرد: "تاکو پارتی و سەرۆکی پارتی هەیە نابێ هیچ کەرکووکییەک لە کەرکووک هەست بەبێ کەسی بکات. ئێمە زۆر لە بارودۆخی ئێستای کەرکووک و ئیدارەکەی ناڕازین، چونکە ئیدارەیەکی سەپێندراوە، نەک هەڵبژێردراوی خەڵکی کەرکووک، لەبەر ئەوەی ئیدارەیەکی هاوبەش نییە، کورد لێی بێبەشە و بەشێکی زۆری برا تورکمانەکانیش لێی رازی نین. ئەو ئیدارەیە ئاستی خزمەتگوزاری لە کەرکووک زۆر دابەزاندووە، جگە لەوەی دەیان کورد لە پۆست و کارەکەیان دوورخراونەتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن، بەشێکی دیکەش بەداخەوە لەبەر خۆمان بووە وەک کورد، ئەگەر کورد لە کەرکووک یەکگرتوو بوایە ئەو دۆخە بەسەر کەرکووک نەدەهات و ئەو بێبەشیەش هێندە درێژەی نەدەکێشا. دەبێ پەند لە رابردوو وەربگرین و یەکبوونمان لە ناوچە دابڕێنراوەکان لە هەموو شوێنەکانی دیکە بەهێزتربێت. دڵنیابن ئێمە وەک پارتی هەوڵی تەواو دەدەین بۆ یەکهەڵویستی لە کەرکووک".

نێچیرڤان بارزانی، بە خەڵکی کەرکووکی گوت: "هەوڵدەدەین ئیدارەی داهاتووی کەرکووک بە دڵی ئێوە و هەموو پێکهاتەکان بێت و ئیدارەیەکی هاوبەش بێت، لە دوای روخانی رژێمی پێشوو عێراق وەک مافێکی رەوا پارێزگاری کەرکووک کورد بوو، ئەوەی داهاتووش دەبێ هەر کورد بێت، ئەوەی ئێستا لە کەرکووک هەیە بارێکی نائاساییە. پارێزگاری داهاتووی کەرکووک دەبێ کورد بێت و خزمەتکاری هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک بێت".