رێباز حەملان: دەنگ بە پارتی بده‌ن

"ھەڵبژاردن مافی ڕەوای تۆیە بۆ بەدەستھێنانی ئەو مافەش واجبێكی نیشتمانی خۆتانه‌ بەجێیبھێنن"
رێباز حه‌ملان
رێباز حه‌ملان

K24 – هه‌ولێر:

رێباز حه‌ملان، پەیامێكی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بڵاوكرده‌وه‌، داوا دەکات كوردستانیان بە گشتی و هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان، دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بده‌ن، بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەش وەك هەولێر و دهۆك خزمەت بكرێن و مەحرووم نەبن لە خزمەتكردن و سەروەری یاسا و سەقامگیری.

رێباز حه‌ملان رایگه‌یاند، ھەڵبژاردن مافی ڕەوایه‌، بۆ بەدەستھێنانی ئەو مافەش واجبێكی نیشتمانی خۆتان بەجێبھێنن، ناكرێت ھیچ نیگەرانییەك و ھیچ كەسێك واتان لێبكات دەستبەرداری ئەو مافە رەوایەی خۆتان ببن.

راشیگه‌یاند، رۆژی (10ی تشرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبەر)، بە ویژدانێكی ئاسوودە بۆ جێگیركردنی مافی دەستووری و نەتەوەیییەكانی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، بۆ بەرگریكردن لە خاك و كولتوور و شكۆمەندی و ئاڵاكەمان، بۆ ئایندەی منداڵ و نەوەكانی داھاتوومان، بەشداری لە ھەڵبژاردن بكەن.

ئاماژه‌یپێكرد، دەنگ بدەن بەو كاندیدانەی كە لە ژێر سایەی لیستێكدان یەك پەیام و یەك ئامانج و یەك سەرۆك و یەك بەرنامەی نیشتمانپەروەری و خزمەتكردنیان هەیە، كە ئەویش رێبازی نیشتمانی و رێبازی شەھیدان و لیستی خۆنەچەماندنە لە ئاست دوژمنان و نەیارانی ھەرێمەكەمان.

روونیشیكرده‌وه‌، لەپێناو پاراستن و بەهێزكردنی كوردستان و نوێنەرایەتیكردن لە لایەن هێز و دەستێكی ئەمینەوە، با هەموومان پێكەوە بە باوەڕێكی پۆڵاین دەنگ بدەین به‌ كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو كاندیدانەی كە بە فلتەری ھێزێكی سیاسی خاوەن مێژووی پڕ لە سەروەری و پارێزەری شكۆی میللەتەكەمان تێپەڕیون.

جه‌ختیكرده‌وه‌، كاندیدانی پارتی قوتابی سەرۆك مەسعود بارزانیین، كە مەرجەع و رابەرێكی خاوەن كاریزمایە كە پەروەردەی كوردایەتی فێركردوون.