هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی پێشكه‌وتووه‌

ده‌یڤد هانت:
ده‌یڤد هانت
ده‌یڤد هانت

K24 – هه‌ولێر:

ده‌یڤد هانت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاشكرایكرد، پێش ئه‌وه‌ی له‌و پۆسته‌ ده‌ستبه‌كار بێت، کۆرسێکی پازدە کاتژمێریی فێربوونی زمانی کوردیی وەرگرتووە و رایشیگه‌یاند، لە راستیدا زمانی کوردی، لە رووی رێزمانییەوە، زمانێکی زۆر لۆژیکی و جوانە، هیچ هۆکارێک نییە، کە نەتوانم فێری بم. گوتیشی: گەرمترین پێشوازی لە ژیانی دیپلۆماسیمدا، لە کوردستان لێم کراوە و ئەوەش بۆ من شانازییەکی گەورەیە. هه‌روه‌ها گوتی: هەرێمی کوردستان نموونەی پێشکەوتووە کە دەتوانین بۆ هەموو عێراق سوودی لێ وەربگرین.

ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌

پرسیار: بەڕێز جەنابی کونسوڵ زۆر بەخێرهاتی و مایەی شانازییەکی گەورەیە میوانی کوردستان24 یت و دەمانەوێ بەخێرهاتنت بکەین وەکوو کونسوڵی نوێی گشتیی بەریتانیا لە کوردستان و هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازین. جەنابی کونسوڵ دەمەوێ بەم پرسیارە دەست بە گفتوگۆکەمان بکەین. کورد خۆیان بە هاوپەیمانێکی نزیکی شانشینی یەگکرتوو دادەنێن، لەسەر ئەم بنەمایە چۆن دەڕوانیتە دوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ لەندەن؟ ئاخۆ کورد چ پێگەیەکی لە ستراتێژیی درێژخایەنی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا هەیە؟

وەڵام: زۆر سوپاس، سەرەتا دەمەوێ بڵێم مایەی خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆ من کە لە کوردستانم و وەکوو دیپلۆماتێک، گەرمترین پێشوازی لە ژیانی دیپلۆماسیمدا، لە کوردستان لێم کراوە و ئەوەش بۆ من شانازییەکی گەورەیە. سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ شانشینی یەکگرتوو، سەردانێکی نایاب و سەرکەوتوو بوو. بەرێزیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە و بەرێز زەهاوی وەزیری نوێی پەروەردە کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەم ناوچەیەیە، دیداریان کرد. ئامانجی سەرەکیی دیدارەکە بریتی بوو لە دڵنیاکردنەوەی دۆستەکەمان لە هەرێمی کوردستان کەوا ئێمە پابەندین بە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. پەیوەندیی مێژوویی و زۆر نزیک لە نێوان شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و کوردستاندا هەیە و ئێمەش بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە لێرەین.

پرسیار: بەبۆنەی تێپەربوونی 30 ساڵ بەسەر بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی نوای ئارام بۆ کوردستان، رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  وتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا هاوڕێیەکی مێژوویی و بەهاداری کوردستانە و دەخوازن کە زیاتر پەرە بە پەیوەندیی نێوانیان بدەن؟ چۆن دەڕوانیتە ئەم گوتەیەی رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؟

وەڵام: گوتارێکی زۆر ئەرێنییە و دەمەوێ بڵێم من وەکوو کونسوڵی گشتیی بەریتانیا، تموحێکی زۆر بەرزم هەیە لەوەی دەتوانین پێکەوە زۆرشت بەدەستبهێنین؛ دەتوانین پەیوەندییەکان بەرفراوانتر بکەین لە رێگەی دروستکردنی ژینگەیەکی باشتری بازرگانی، هێنانی وەبەرهێنان و بزنسی زیاتری بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان و لە بەرانبەردا پەرەپێدانی زیاتری بازرگانی لە کوردستانەوە بۆ شانشینی یەکگرتوو.

 پەیوەندییەکی بەهێزی کلتووری و کۆمەڵایەتی لە نێوان هەردوو لادا هەیە دەخوازین وەکوو کونسوڵخانەی بەریتانیا بەهێزتری بکەین، رەوەندی کوردی لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا زۆر سەرکەوتوون و دەخوازین هەموو ئەم دەرفەتانە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو لا زیاتر پێشبخەین.

پرسیار: زۆر سوپاس جەنابی کونسوڵ، لە راستیدا ئەوە پرسیارێکی دیکەی من بوو کە وەڵامت دایەوە، بەرێزتان دەزانن کە وا شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا ئەندامێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە شەری دژی داعش، پرسیاری من ئەوەیە چۆن رۆڵی بەردەوامی بەریتانیا هەڵدەسەنگێنی لە راهێنان و پرچەککردن و دروستکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە؟

وەڵام: من خۆشحاڵم ئەو پرسیارەت کرد، هەر دوێنێ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکم کرد لەگەڵ گرووپی راهێنەرانی نێودەوڵەتیی چوار دەوڵەت کە هاوکاریی رێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن. ئێمە ئەم هاوکارییە وەکوو ئامانجێکی سەرەکی و هاوبەش تەماشا دەکەین بۆ هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، تاوەکوو بتوانن لە داهاتوودا زۆرترین رۆڵیان هەبێت لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە کوردستان و عێراق. ئێمە لێرە تیمێکی بەرگریکاری گەورەمان هەیە کە هاوکاریی پێشمەرگە دەکەن لە کۆمەڵێک بواری جیاواز جیاوازدا.

پرسیار: بەرێز جەنابی کونسوڵ، بەرێزتان دەزانن کەوا هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی بەهێزی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەیە لەگەڵ پێكهاتە و ئایین و نەتەوە جیاوازەکان، بەرێزتان تێروانیتان بۆ ئەزموونی پێكەوەژیان لە کوردستان چۆنە؟

وەڵام: پێموایە زۆر گرنگە هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو و پێشکەوتوو، گرنگی بە پرسی پێکەوەژیان بدات. پێکەوەژیان پرەنسیپێکی سەرەکییە کە وا دەکات هەمووان پێکەوەبژین. لای هەمووان روونە کەوا ئێوە کۆمەڵگەیەکی فرە کلتوورتان هەیە و ئایین و گرووپی جیاوازی تێدا دەژێت، ئەمەش دەسکەوتێکی گەورەیە و پێویستە پارێزگاریی لێ بکرێت و ستایش بکرێت، ئێمە دەزانین کەوا حکوومەتی هەرێم هەنگاوەکانی بە ئاراستەی پاراستنی پێکەوەژیانە لە هەرێمی کوردستان و ئێمەش لەم سۆنگەیەوە پرۆژەی چەند ملیۆن پاوەندمان تەرخان کردووە بۆ پالپشتیکردنی  ئازادیی ئایینی و ئیمان لە هەموو عێراق، بەڵام هەرێمی کوردستان نموونەی پێشکەوتووە کە دەتوانین بۆ هەموو عێراق سوودی لێ وەربگرین.

پرسیار: بە داخەوە دەبینین کلتووری پێکەوەژیان لە عێراق لاوازە.

وەڵام: بەڵێ بۆچوونی من ئەوەیە کەوا داهاتووی عێراق وابەستەیە بەم چرکەساتە گرنگەوە کە ئێستا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە رێگەیە. ئەگەر بڕیار بێت لە عێراق کۆمەڵگەیەکی فراوانتر و پێشکەوتووتر دروست بکرێت و هەڵبژاردنیش کلیلی دروستکردنی ئەو کۆمەڵگەیە بێت، کەواتە من هانی خەڵکی کوردستان دەدەم کەوا لەم هەڵبژاردنەدا بەشداریی فراوان بکەن. بەم شێوەیە عێراق دەتوانێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بهاوێژێت و کۆمەڵگەیەکی لێبوردەتر و پێشکەوتووتر دروست بکات. دەزانیت کە هەرێمی کوردستان لەم رووەوە دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی بگێرێت، ئێمە تەماشای ئێوە دەکەین وەکوو هاوبەشێکی نزیک تاوەکوو پێكەوە کاربکەین و کلتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە هەموو عێراق زیاتر گەشە پێبدەین.

پرسیار: بەڕێز جەنابی کونسوڵ، با بچینە سەر پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، شانیشنی یەکگرتووی بەریتانیا چۆن دەڕوانێتە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق؟ پێتان وایە ئەم ‌هەڵبژاردنە هەنگاوێک عێراق دەباتەوە پێشەوە بە ئاراستەی دیموکراسی؟ ئەم هەڵبژاردنە چ گۆڕانکارییەک دەهێنێتە ئاراوە؟

وەڵام: سوپاس، ئەمە چرکەساتێکی گرنگە بۆ عێراق. ئێمە هانی هەموو هاونیشتمانانی عێراق و کوردستان دەدەین کەوا بەشداری بکەن، ئێمە دەمانەوێ هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت؛ هەر لەبەر ئەم ئامانجەیە ئێمە لە نەتەوەیەکگرتووەکان، پارەیەکی زۆرمان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان سەرف کردووە، تاوەکوو دڵنیاببینەوە کە بە ئاراستەیەکی دروست چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەن. هەروەها پارەیەکی زۆرمان تەرخان کردووە بۆ هاوکاریی تەکنیکیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، تاوەکو دڵنیا بینەوە لەوەی پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەدەچێت. هەروەها ئێمە هیواخوازین هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و شەفاف بەرێوەبچێت و داوا لە هەموو لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن دەکەین لە رێگەی کرداری توندوتیژانەوە، بەربەستێک لەبەردەم کۆمسیۆن دروست نەکەن کە کۆی ئەم پرۆسە گرنگە لە عێراق بشوێنێت. سەرەڕای ئەمانەش ئێمە گەشبین و پاڵپشتیکارین.

پرسیار: بەرێز جەنابی کونسوڵ، پرسیارێکی دیکە دەکەین و پاشان دەچینە شوێنێکی دیکە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکەمان و نامانەوێ زیاتر لەم گەرمایە راتبگرین. هەر سەبارەت بە ‌‌هەڵبژاردنەکان، زۆربەی پارتە سیاسییەکانی عێراق خاوەنی میلیشیا و هێزی چەکدارین، ئایا پێتان وایە ئەو لایەنانە بە دەرئەنجامی هەڵبژاردەنەکان رازی دەبن؟

وەڵام: ئێمە داوایان لێ دەکەین بە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد رازی بن. زۆر روونە پێویستە ژینگەیەک هەبێت بۆ خەڵک بە ئازادانە دەنگ بدەن، و ئیدانەی هەر کردەوەیەکی توندوتیژانە دەکەین و هیواخوازین هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەنگدەران بپارێزن تاوەکوو بە خواستی خۆیان نوێنەرانیان هەڵبژێرن بۆ پەرلەمانی داهاتووی عێراق.

پرسیار: بەرێز جەنابی کونسوڵ، وەکوو بەرێزتان دەزانن بارودۆخی ئەمنیی عێراق تاوەکوو ئێستا ناجێگیرە، داعش سەرقاڵی خۆرێکخستنەوە و دووبارە سەرهەڵدانەوەیە لە هەندێک ناوچە و بووەتە هەڕەشەیەکی حەقیقی بۆ خەڵکی عێراق. بەرێزتان هەڕەشەکانی رۆژانەی داعش لە هەندێک ناوچەی عێراق چۆن دەبینن؟

وەڵام: مایەی نیگەرانییەکی گەورەیە؛ هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کەوا شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و لە نزیکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی داعش بە هاوکاریی هێزە ئازاکانی پێشمەرگە. پێویستە دڵنیا ببینەوە لەوەی پێكەوە کاردەکەین تاوەکوو بە تەواوی داعش لەناودەچێت. ئەمە ئامانجێکی درێژخایەنە و بۆ بەدیهێنانی پێکەوە کاردەکەین. ئێمە بە دڵنیاییەوە دەمێنینەوە و پێکەوە کاردەکەین تاوەکوو هەڕەشەکان لە سەر خەڵکی کوردستان و عێراق نەهێڵین. پێنچ رۆژ پێش ئێستا هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان توانیان بە سەرکەوتوویی هێرشێکی ئاسمانی بکەنە سەر هێزێکی داعش و لەناویان ببەن. ئێمە لەگەڵ هێزە سەربازییەکانتان بەردەوام دەبین تاوەکوو کۆتایی یەکجاریی داعش، بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان سەلامەت بن و لە هەرێمێکی سەقامگیر بژین.

پرسیار: بەرێز جەنابی کونسوڵ، چی دەڵێن دەربارەی هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە تایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان؟ بەریتانیا دەتوانێت چ رۆڵێک بگێرێت لە دروستکردنی ئەم هەماهەنگییە؟

وەڵام: ئێمە زۆر بە روونی رامانگەیاندووە کەوا هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان بەغدا و هەولێر لە ناوچە جێناکۆکەکان یەکجار گرنگە. دروستکردنی لیوای هاوبەش لەو ناوچانە یەکجار گرنگە بۆ چارەسەرکردن و لەناوبردنی هەڕەشەکان. ئێمە ئاگادارین سەنتەری هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا دروست کراوە.  چەندە زووتر ئەو لیوا هاوبەشانە دروست بکرێن و دەستبەکار بن ئەوەندە باشترە. لەم نێوەندەدا هەر هاوکارییەک بە ئێمە بکرێت ئامادەین.

پرسیار: بەرێز جەنابی کونسوڵ پرسیارێکی دیکە دەربارەی داهاتووی عێراق، بەڕێزتان دەزانن کەوا لە عێراق ململانێیەکی مێژوویی تائیفی ئایینیی قووڵ هەیە لە نێوان پێکهاتەکان، پێشبینی و تێڕوانینی ئێوە بۆ داهاتووی عێڕاق چۆنە؟

وەڵام: من پێشبینییەکی ئەرێنیم بۆ داهاتووی عێراق هەیە. لە راستیدا من تەنها ٣ هەفتەیە لێرەم، بەڵام من خەڵکێکی ئارام و نەرمونیان دەبینم، خەڵکانێک دەبینم کە دەتوانن پێکەوە هەڵبکەن و بژین. هەڵبژاردن چرکەساتێکی گرنگە لە چوارچێوەیەکی دیموکراسی، چونکە دەتوانێت هاوکاریی عێراق بکات بۆ ئەوەی ببێتە کۆمەڵگەیەکی زیاتر سەقامگیر و پێشکەوتوو. لە ژینگەیەکی سەقامگیردا، خەڵک دەتوانن بە شێوەیەکی ئاشتیانە پێکەوە بژین. ئەمە پرۆسەیەکە و کاتی پێویستە.

پرسیار: بەرێز جەنابی کونسوڵ، دووبارە بەخێربێیتەوە، پێش ئەوەی بچینە سەر پەیوەندییە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان، دەمەوێ پرسیارێک بکەم دەربارەی ئامادەیی هێزە بیانییەکان لە عێراق و ئەگەری کشانەوەیان، ئەمە پرسیاری خەڵکی کوردستانە، ئایا ئێوە وەکوو شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، بۆ پارێزگاری کردن لە خەڵکی کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان، لە کوردستان دەمێننەوە؟ چونکە ئەگەر راستگۆ بم لەگەڵت، خەڵکی کوردستان گومانیان هەیە لە کشانەوەی لەناکاوی هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراق، ئایا دەتوانی دڵنیایی بە خەڵک بدەیت کە دەمێننەوە؟

وەڵام: دەمەوێ بە شێوەیەکی رەها دڵنیاتان بکەمەوە کەوا بەریتانیا پابەندە بە هاوبەشی و هاوکاریی ئەمنیی بەردەوامی هەرێمی کوردستان. بەڵێ بە دڵنیاییەوە لێرە دەمێنینەوە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێوە کاربکەین و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین. ئێمە هاوڕێین، ئێمە هاوبەشین، ئێمە لێرە دەمێنیەوە تاوەکوو ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەخوازێت بمێنینەوە.

پرسیار: زۆر سوپاس، هەمیشە پێشوازیتان لێ دەکەین، ئەوە وەڵامێکی گرنگ بوو، بەڕێز جەنابی کونسوڵ، با واز لە پرسیارە سیاسییەکان بهێنین و بچینە سەر پرسە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان. بەڕێزتان وەکوو کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەولێر دەستنیشانکراون، سروشتی هەرێمی کوردستان و هەولێر چۆن دەبینی؟

وەڵام: من تەنها 3 هەفتەیە وەکوو کونسوڵ دەستبەکاربووم. بەڵام زۆر حەزم لەو شتانە بووە تاوەکوو ئێستا بینیومن. چانسی ئەوەم هەبوو سەردانی سلێمانی بکەم، لە میانەی ئەو سەفەرە 3 کاتژمێرییەی سلێمانیدا، هەموو کاتەکە لە پەنجەرەی سەیارەکەوە تەماشای سروشتی جوانی کوردستانم دەکرد. کوردستان لە رووی گەشتیارییەوە، یەکێکە لە هەرێمە هەرە جوانەکان و ئەگەری پێشکەوتنی گەورەی لەبەردەمە. زۆر حەزم لە هەولێرە و شارێکی زیندوو و زۆر هێمنە و زۆر خۆشحاڵم کە لێرەم. ئەوەی پێویستە بیکەم ئەوەیە زیاتر بە کوردستاندا گەشت بکەم تاوەکوو بە تەواوەتی ئاشنای شوێنەکان بم، تاوەکوو ئەو کاتەی لێرەم بە شوێنە جیاوازەکانی کوردستاندا دەگەڕێم تاوەکوو زیاتر قووڵ ببمەوە و ئاشنای ئەم هەرێمە بم.

پرسیار: بەرێز جەنابی کونسوڵ، نازانم تاوەکوو کەی لێرە دەمێننەوە، بەڵام پرسیاری من ئەوەیە ئایا هەوڵ دەدەی خۆت فێری زمانی کوردی بکەیت؟

وەڵام: لە راستیدا کۆرسێکی پازدە کاتژمێریی فێربوونی زمانی کوردیم وەرگرتووە پێش ئەوەی بگەمە هەرێمی کوردستان. لێرەش وانەی زیاتری زمانی کوردی وەردەگرم. دڵنیات دەکەمەوە  کاتێک جاری داهاتوو یەکتر دەبینین زیاتر بە کوردی قسەت بۆ دەکەم و پێشکەوتنی زمانی کوردییەکەمت پیشان دەدەم. لە راستیدا زمانی کوردی، لە رووی رێزمانییەوە، زمانێکی زۆر لۆژیکی و جوانە. هیچ هۆکارێک نییە کە نەتوانم فێری ببم. هیوای بەختێکی باشم بۆ بخوازە.

پرسیار: بە دڵنیایەوە، بەختێکی باش، جاری داهاتوو یەکترمان بینیی، ئەوا دیدارەکەمان بە کوردی ئەنجام دەدەین.

وه‌ڵام: هیواخوازم.

پرسیار: بەرێز جەنابی کونسوڵ با بچینە سەر رۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگە، بەرێزتان دەزانن کەوا ئافرەتی کورد لە هەرێمی کوردستان، لە رووی بەشداریی سیاسی و بەرێوەبردن و کارکردن لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەرتی تایبەت و بازرگانی، بە بەراورد بە عێراق رۆڵێکی فراوان دەگێرن. بەرێزتان چۆن لە رۆڵی ئافرەت لە کوردستان دەروانن؟

وەڵام: پێموایە هاوسەنگییەکی جێندەریی نایاب و بە‌هێز لە هەرێمی کوردستان هەیە لە رووی بەرێوەبردنی پۆستی باڵا، زۆر گرنگە بۆ هەر کۆمەڵگەیەک کەوا هاوسەنگیی جێندەری لە ئاستێکی باش رابگرێت و هەمەڕەنگ بێت. کۆمەڵێک نمونە و راپرسیی زۆری زانستی هەن کە بۆ نموونە جەخت دەکەنە سەر ئەوەی لە هەر رێکخراوێکدا هاوسەنگیی جێندەری لە بەڕێوەبردن هەبێت، ئەوا بڕیاری باشتر و گونجاوتر دەدەن. هەمەجۆری، کەشێکی ئەرێنیی نایاب بۆ داهێنان دروست دەکات و کاری رێکخراوەیی بەهێزدەکات. بۆیە لە کوردستان نموونەیەکی ئەرێنی و جوانتان دروست کردووە و هیوادارم لە بەریتانیاش نموونەی جوان بونیاد بنێین. ئەم پرسانە پێویستی بە پێکەوەکارکردنی زیاتر هەیە. ئێمە لەسەر ئاستی عێراق، لەسەر پرسەکانی وەکوو ئاشتی و دادپەروەری و ئاسایش و رۆڵی ئافرەت لە کۆمەڵەگەدا، سپۆنسەری چەندین پرۆژە دەکەین. ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی شوێنێکی یەکسان و دەنگوڕەنگی یەکسان هەیە بۆ ئافرەتان. بۆیە ئێمە پابەندین بە بەهێزکردنی رۆڵی ئافرتان و بۆ زیاتر بە‌هێزکردنی ئەم ئامانجە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەین.

پرسیار: نایابە، بەرێزتان حەزتان بە چ شتێکی کلتوور و کەلەپووری کوردییە، لێرەدا مەبەستم جلی کوردییە، ئێمە جلوبەرگی جیاوازی کوردیمان هەیە بۆ ئافرەتان و پیاوان، کامیان زۆر جوانتر و سەرەنجڕاکێشترە؟ جلی پیاوان یان ئافرتان؟

وەلام: بە پێکەنینەوە، من دیپلۆماتکارم، بۆیە وەڵامێکی روونت نادەمەوە، بەڵام پێموایە جلکی کورد جوانە، رۆژانە لە شوێنە جیاوازەکان خەڵک دەبینم جلکی کوردییان پۆشیوە و زۆر جوان و گونجاو دەردەکەوێت بۆ ژینگەی کوردستان. ئێمە لە كونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا رۆژێکی تایبەتمان هەیە کە جلکی کوردی دەپۆشین، بۆیە من جلکی کوردیم بۆ دروست کراوە و دەیپۆشم. پاشان وێنەکانت بۆ دەنێرم و روونتر بۆچوونی خۆمت لەسەری پێ دەڵێم.

پرسیار: سوپاس، جەنابی كونسوڵ با بێینە سەر تامی خواردنی کوردەواری، چ جۆرە خواردنێکت تاقی کردووەتەوە و زیاتر حەزت بە کامیانە؟

وەڵام: لێرە زیاتر بە ئەزموونەوە قسە دەکەم چونکە لەوەتەی گەیشتووم زۆر قۆزیی کوردیم خواردووە. زۆر حەزم لە خواردنی کوردییە و یەکێک لە ئامانجەکانم تاقیکردنەوەی هەموو خواردنە کوردییەکانە. لەم رۆژانە نانی بەیانیی کوردەواریمان خوارد کە زۆر خۆش بوو؛  پاشان وێنەکانم لە تویتەری خۆم بڵاوکردەوە، (لێرەدا تویتەری خۆی دەناسێنی)، خواردنی بەیانییەکە زۆر بەتام بوو. زۆر حەزم لە دۆڵمە و کەبابە، دەزانم هەمەرەنگییەکی زۆر لە خواردنی کوردیدا هەیە و تاوەکوو بتوانم هەوڵ دەدەم تامی هەموو خواردنێکی کوردی بکەم.

پرسیار: کەواتە تۆ بەس حەزت لە کەباب و دۆڵمەیە؟

وەڵام: بەڵی دۆڵمە و کەباب و شیرنەمەنییەکان. لە راستیدا شتێک نەبووە لێرە خواردبێتم و حەزم لێ نەکردبێت. من حەزم لە خواردنە و ئەو کەسانەی دەمناسن دەزانن من هیوایەتم خواردنە. بۆیە زیاتر تاقی دەکەمەوە.

پرسیار: بە بروای من خواردنێکی کوردی کەمێک قورسە بۆ گەدە و کۆئەندامی هەرس.

وەڵام: گەدەی من توانای حەلکردنی خواردنی قورسی هەیە (بە پێکەوەنینەوە)، لە راستیدا ئەو خواردنانەی تاوەکوو ئێستا خواردوومن، زۆر تەندروست و بەتام بوون. ئەوەی زۆر حەزی لێ دەکەم، خواردنێکە کە بە شەوق و زەوقەوە دروست کرابێت.

 پرسیار: جەنابی کونسوڵ، دەمەوێ پرسیارێکت لێ بکەم و بۆچوونی تایبەتی خۆتم پێ بڵێیت، چۆن لە داهاتووی کوردستان دەڕوانی؟

وەڵام: کوردستان پێشکەوتنی نایابی بەدەست هێناوە. خەڵکی زیرەک و بەتوانای هەیە. ئێوە خەڵکی گەنجتان هەیە کە خاوەن خەون و تموحی زۆرن کە دەیانهەوێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کاربکەن. من تەماشای زەمالەی ساڵانەی جیڤنینگ بۆ خوێندن لە بەریتانیام کردووە کە حکوومەتی بەریتانیا پاڵپشتیی دارایی دەکات و دەیان قوتابیی کوردی تێدایە بۆ خوێندنی ماستەر و قوتابی زۆر زیرەکن. خەڵکی ئێوە دەتوانن سەرکەوتن بۆ ئەم هەرێمە بێننە دی. سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی لێرە هەیە کە دەتوانن لە داهاتوودا زیاتر ئەم هەرێمە پێش بخەن. بۆیە من گەشبینم و داهاتووی کوردستان گەش دەبینم و زۆر گەشبینم بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان و شتی زۆرهەیە پێکەوە دەتوانین بەدەستیان بهێنین.

پرسیار: جەنابی کونسوڵ بەرێزتان باسی ئەوەتان کرد کە تویتەر بەکاردەهێنن، لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چۆنیت؟ بە تایبەت تویتەر بۆ دروستکردنی پەیوەندیی راستەوخۆی زیاتر لەگەڵ خەڵکی کوردستان.

وەڵام: زۆر سوپاس بۆ پرسیارەکەت، بەس بۆ زانیاریتان تویتەری من (ئەکاونتەکەی دەخوێنێتەوە). تویتەر رێگەیەکی نایابە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵک بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بۆ ئەوەی زیاتر بزانی بۆچوونی خەڵکی چیە. ئەوەی زۆر روونە بۆ من، لە هەرێمی کوردستان، خەڵک لە بەکارهێنانی تویتەر زۆر زیرەکن و بە پەلە دێنە سەر هێڵ و بۆچوونی خۆیانت بۆ باس دەکەن. لە رێگەی تویتەرەوە بە ئاسانی دەتوانی لەگەڵ خەڵک تێکەڵاو بیت و بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بەپەلە، پەیوەندییەکی گەرموگوڕت هەبێت.  تویتەری هاشتک تویتەر کوردس، پێگەیەکی نایابە کە ئەگەر پەیامێکت هەبێت بە پەلە و راستەوخۆ خەڵک بۆچوونی خۆیان دەڵێن؛ بۆیە من تویتەر وەکوو پێگەی رادەربرین و شێوازێکی راپرسی دەبینم کە دەتوانی بزانیت خەڵک چۆن بیردەکەنەوە. لە دوو هەفتەی رابردوودا من زیاتر لە 1200 فۆلەورەسم بۆهاتووەو خوازیارم لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەکەیان زۆر زیاتر بێت تاوەکوو بتوانم بە شێوەی راستەوخۆ، لە رێگەی تویتەرەوە زیاتر لەگەڵ خەڵک قسە بکەم.

کۆتایی: بەرێز جەنابی كونسوڵ، زۆر سوپاس بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە و دیداری بەرێزتان جێگەی شانازییە بۆ کوردستان24.

وەڵام بە کوردی دەڵێت گەلێک سوپاس