وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌بۆنه‌ی رۆژی مامۆستایانی كوردستان، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا ئاماژه‌یپێكرد، ساڵانه له ( 6 تشرینی یه‌كه‌م / ئۆكتۆبه‌ر)، ئه‌م رۆژە بەرز ڕادەگیرێت، بەم بۆنەیەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ڕادەگەینین و رێز و سوپاس ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م مامۆستایان و تەواوی پەروەردەکاران ده‌كه‌ین.
وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده راشیگه‌یاند، له‌م ڕۆژە پیرۆز و پڕ شكۆیه‌دا، وه‌كو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به هه‌موو خۆشه‌ویستى و شانازییه‌كه‌وه پێتان ده‌ڵێین، سه‌رمان به ئێوه‌ى ئازیز و ماندوونه‌ناس بڵنده، كه هه‌میشه نموونه‌ى دڵسۆزی و له خۆبورده‌یی بوون، بۆ گه‌یاندنى په‌یامه پیرۆزه‌كانتان له ناو پۆل و قوتابخانه‌كاندا، له پێناو دروست كردن و پێگه‌یاندنى و بونیادنانى نه‌وه‌یه‌كى كارا‌و زیندوو بۆ ئاینده و دوا ڕۆژى گه‌له‌كه‌مان.
جه‌ختیكرده‌وه، بەشداری و ڕۆڵی مامۆستایان لە شۆڕشه‌كانی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان و قۆناغی ئازادی‌دا، رۆڵێکی بەرچاو و لەبیرنەکراوە.
روونیكرده‌وه، هه‌ر بۆیه له‌م یاده‌دا، مامۆستایان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌رده‌وام ده‌بین له سه‌ر ئه‌و پڕه‌نسیپه نه‌گۆڕانه‌ی كه له سه‌ر شانمانه، بۆ خزمه‌ت كردنى مامۆستایانى كوردستان.