لە قەسرێ بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەک دادەنرێت

زۆربەی پڕۆژەکان لە بواری رێگاوبانن
دانانی بەردی بناغەی یەکێک لە پڕۆژەکان لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
دانانی بەردی بناغەی یەکێک لە پڕۆژەکان لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

K24 - قەسرێ

لە ناحیەی قەسرێی سەر بە قەزای چۆمان، بە گوژمەی 252 ملیۆن دینار، بەردی بناغەی چوار پڕۆژە دادەنرێت.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو پڕۆژانەی لە ناحیەی قەسرێ جێبەجێ دەکرێن، لە بواری رێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆن، هەوڵدەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکان تەواو بکرێن".

گوتیشی: "یەکێک لە خزمەتگوازییە سەرەکییەکانی ئەم ناوچەیە رێگاوبانە، بەوپێیەی ناوچەیەکی شاخاوییە، بۆیە هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتەکانی رێگاوبان لەم دەڤەرە".

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راشیگەیاند: "وەک کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە کاروانی ئاوەدانی، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکەین".