مەسرور بارزانی له‌ گه‌رمیان: له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوورین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی حكومه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا بسه‌پێنین

له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوورین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی حكومه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا بسه‌پێنین
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان - فۆتۆ: سابیر دری
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان - فۆتۆ: سابیر دری

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی رێوڕەسمی کردنەوەی سایلۆی کەلار وتارێکی پێشكه‌ش كرد و تێیدا رایگه‌یاند، گه‌رمیان بێ ناز بووه‌ و بۆ من پرسیاره‌ بۆچی تا ئێستا خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی گه‌رمیان نه‌كراون و ئه‌مڕۆ زۆرترین داواكاری كه‌ كراوه‌ بابه‌تی خزمه‌تگوزاری بنه‌ڕه‌تی بووه‌. هه‌روه‌ها گوتی: له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوورین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی حكومه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا بسه‌پێنین. سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتیشیكرده‌وه‌، ناكرێت هیچ به‌شێك له‌ كوردستان بمێنێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیراده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كار بكات.

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ باره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌ گوتی: گه‌رمیان پشكی زێڕی به‌ركه‌وتووه‌ له‌ قوربانیدان و به‌رگریكردن له‌ خاكی كوردستان و خاوه‌نی هه‌زاران شه‌هیده‌ و رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵكوژی و ئه‌نفال بووه‌ته‌وه و ئه‌ركی هه‌موومانه‌ خزمه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی ناوچه‌كان بكه‌ین.

سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی سایلۆی گه‌رمیانیش گوتی: ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ ستراتیژی حكومه‌ت بۆ درووستكردنی ژێرخانی ئابووری له‌ كوردستاندا و ‌ ئاسایشی خۆراكی هه‌رێم دابین ده‌كات و ده‌بێته‌ ژێر خان بۆ پێشكه‌وتنی كه‌رته‌كانی دیكه‌ی ئابووری له‌ كوردستاندا، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كشتوكاڵ پێشبكه‌وێت پیشه‌سازی و بازرگانیش ده‌بووژێته‌وه‌ و ستراتیژی حكومه‌ت بنیاتنانی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و فره‌چه‌شن كردنی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌.

هه‌روه‌ها گوتی: گه‌رمیان هه‌میشه‌ پێشه‌نگ بووه‌ له‌ به‌رگریكردن له‌ كوردستان و خۆڕاگری خه‌ڵكی گه‌رمیان وایكردووه‌ هه‌موومان پێتان سه‌ربه‌رز بین و خۆمان به‌ قه‌رزاری ئێوه‌ بزانین.

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت له‌و سنووره‌ گوتی: له‌ سه‌ره‌تاوه‌ 126 ملیار دینارمان بۆ چه‌ندین پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر و ستراتیژی له‌ گه‌رمیان ته‌رخان كردووه‌، چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌شمان هه‌یه‌ ئه‌وانیش رێگه‌ی كه‌لار – كفری و كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخانه‌ و هیوادارم به‌ زوویی ته‌واو بكرێن و  16 ملیار دیناری دیكه‌ بۆ 19 پڕۆژه‌ی دیكه‌ خه‌رج ده‌كه‌ین. ئێمه‌ هه‌رچی بكه‌ین بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ كه‌مه‌. چونكه‌ گه‌رمیان به‌ گشتیی دوای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و كاره‌ساته‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ زیاتر خزمه‌تیان بكه‌ین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مڕۆ له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كانی ئیداره‌ی گه‌رمیان، داواكارییه‌كانی نوێنه‌رانی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان خزمه‌تگوزاری بنه‌ڕه‌تی بووه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: گوێم له‌ داواكاری ئیداره‌ی گه‌رمیان گرتووه‌ و زۆر له‌ كه‌موكورتییه‌كان خزمه‌تگوزاری زۆر بنه‌ڕه‌تین، ئه‌وه‌ی پرسیاره‌ بۆچی تا ئێستا ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ نه‌گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ خه‌ڵك.

گوتیشی: ئێمه‌ هه‌موومان فه‌رمانبه‌رین، هیچ منه‌تێكی تێدا نییه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ خه‌می خه‌ڵكی خۆمانه‌وه‌ بێین و ئه‌ركه‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین. هیوادارم هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له‌ حكومه‌تدان له‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان بن و ئه‌ركه‌كانیان به‌ جددی جێبه‌جێ بكه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ داواكارییه‌كان گوتی: هه‌ندێك له‌ داواكارییه‌كان یاسایین، وه‌كو یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بڕیار  له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌و ناوچانه‌ی له‌ رووی ئیداره‌وه‌ سه‌ر به‌ گه‌رمیانن و وه‌ك یاسا سه‌ر به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌ركێكه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت و ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی ده‌چنه‌ به‌غدا، به‌شێكی زۆری ئه‌و پرسانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ په‌یوه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵبژێرین كه‌ به‌ جددی له‌ خه‌می ئازار و به‌دیهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی له‌ ستراتیژی حكومه‌ت بۆ خزمه‌تی كوردستان كرد و گوتی: حكومه‌ت له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی كوردستان ئه‌ركی هه‌یه‌ و سه‌رتاسه‌رییه‌. به‌رپرسیارێتی حكومه‌ته‌ بتوانێت چۆنێتی رێكخستنی كاروباره‌كان بگرێته‌ ده‌ست.

گوتیشی: له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوورین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی حكومه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا بسه‌پێنین. ئه‌مه‌ سه‌روه‌ریكردنی یاسایه‌ و خۆسه‌پاندن نییه‌. ناكرێت هیچ به‌شێك له‌ كوردستان بمێنێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیراده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كار بكات. هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك رێكبخرێن و حكومه‌ت بتوانێت كۆنترۆڵی ئه‌و سنوورانه‌ بكات و داهاتیان بۆ خه‌ڵك بگه‌ڕێته‌وه‌. هه‌وروه‌ها هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چیدیكه‌ گه‌رمیان بێناز نه‌مێنێت، ئه‌و ماوه‌یه‌ی گه‌رمیان بێناز بووه‌، ئه‌ركی قورستر ده‌خاته‌ ئه‌ستۆمان كه‌ زیاتر خزمه‌تیان بكه‌ین و ئه‌وه‌ی له‌ توانای حكومه‌تدا بێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بۆتان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت باسی له‌وه‌شكرد، به‌غدا مافی هه‌رێمی كوردستانی پێشێلكردووه‌ و گوتی: به‌شێكی زۆری مافه‌كانی ئێوه‌ له‌ به‌غدا پێشێلكراون و پێویسته‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و من نه‌هاتووم بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و هاتووم خزمه‌تتان بكه‌م و پێویسته‌ نوێنه‌رانی ئێمه‌ له‌ به‌غدا به‌رگریكاری سه‌رسه‌ختی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بن، هه‌روه‌ها پێویسته‌ نوێنه‌ره‌كانمان به‌یه‌كه‌ كار بكه‌ن و هه‌وڵ بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور بده‌ن. ئه‌و نوێنه‌رانه‌ی ده‌چنه‌ به‌غدا پێویسته‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌، ده‌ستوور جێبه‌جێ بكه‌ن و قه‌ره‌بووی ئه‌نفالكراوان بكرێته‌وه‌.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیدا، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی:  داوا له‌ هه‌مووان ده‌كه‌م، به‌ قه‌ناعه‌تێكی ته‌واو ئه‌و نوێنه‌رانه‌ هه‌ڵبژێرن، كه‌ به‌ڵێنه‌كانیان بكه‌نه‌ كردار و بتوانن خزمه‌ت بكه‌ن. ئه‌و نوێنه‌رانه‌ هه‌ڵبژێرن كه‌ خۆیان ده‌كه‌نه‌ قوربانی بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و خه‌ڵكی كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هێشتا قه‌یرانی ئابووریمان ماوه‌ و بابه‌تی په‌تای كۆرۆنا به‌رده‌وامه‌ و داواتان لێده‌كه‌م هاوكاری حكومه‌ت بن و حكومه‌ت جیاواز نییه‌ له‌ ئێوه‌ و حكومه‌ت و هاووڵاتی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌توانن وڵات به‌ره‌و قۆناغێكی گه‌شتر و سه‌قامگیرتر به‌رن.

ده‌قی وتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: