سەڵاحەدین سیامەند: دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر تاوانێکی گەورەیان بەرامبەر کردووم

سەڵاحەدین سیامەند ئەستێرەی پێشووی یانەی هەولێر
سەڵاحەدین سیامەند ئەستێرەی پێشووی یانەی هەولێر

سەڵاحەدین سیامەند لە هەڵبژاردنەکانی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر کە رۆژی 17ـی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت، جگە لەوەی نەیتوانی خۆی بەربژێر بکات، تەنانەت مافی دەنگدانیشی نابێت.

بەگوێرەی ئەو لیستەی یانەی هەولێر بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی ناردووە کە لیستەکە لە زیاتر لە 300 ئەندام پێکهاتووە و تەنیا ئەوانە مافی دەنگدانیان دەبێت، ناوی سەڵاحەدین سیامەند لە دەستەی گشتی یانەکەدا نییە، بەمەش مافی خۆپاڵاوتن و دەنگدانی نابێت، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی یانەکە ناوی سەڵاحەدین سیامەند لە دەستەی گشتی یانەی هەولێردا هەبووە.

سەڵاحەدین سیامەند لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 لەبارەی نەبوونی ناوی لە دەستەی گشتی یانەی هەوڵێر دەڵێت 'ئەوەی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بەرامبەر منی کردووە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر خۆم و مێژووی وەرزشیم لە یانەکە کە ماڵی دووەممە، ئەگەر من لە مافی خۆشم خۆش ببم، لە مافی هاندەرانی یانەکە خۆش نابم چونکە پێموایە ئەمە بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە لەسەر شانم و لە داهاتوودا کاردانەوەم دەبێت'.

سەڵاحەدین سیامەند نزیکەی 15 ساڵ لە یانەی هەولێر یاریی کردووە و دوو جار نازناوی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێناوە و رۆڵێکی کاریگەریشی هەبووە لە سەرخستنی یانەکە لە ریزی یانە پلە یەکەکان بۆ ریزی یانە نایابەکانی عێراق.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 سەرەتا ناوی هەریەکە لە وەلید عارەب و مۆفەق یونسیش لە دەستەی گشتی یانەی هەولێردا نەبوون، بەڵام دواتر زیادکران، 14 ئەندامی دیکەش وەکو یاریزانی دێرین لە دەستەی گشتی تۆمارکراون کە پێشتر یارییان بۆ یانەی هەولێر کردووە.

سەڵاحەدین سیامەند لە یارییەکی یانەی هەولێر
سەڵاحەدین سیامەند لە یارییەکی یانەی هەولێر
سەڵاحەدین سیامەند و شەهید فەرەنسۆ هەریری
سەڵاحەدین سیامەند و شەهید فەرەنسۆ هەریری