وەزارەتى خوێندنى باڵا کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان کەمدەکاتەوە

K24 – ههولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى کوردستان بەڕێژەى (45%) لەگشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى، بەڕێژەى (10 بۆ 20 %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەمە بە واژووی ئارام محهمهد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دوو فەرمانى جیادا بڕیاردرا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان.
لە لێدوانێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان رەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارى هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بۆ ئەوەى روحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاووڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى راشیگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاووڵاتیانى کوردستان و رەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان.
کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان بەم شێوەیە دەبێت:
زانکۆ حکومییەکان:
داشکانى ڕێژەى (45%) لە کرێى خوێندنى (پارالێل) و (ئێواران)ى گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (2021-2022).
زانکۆ تایبەتەکان:
بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەبێت بەم شێوەى خوارەوە:
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (10%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (15%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.