ئەمەریکا 125 هەزار پەنابەر وەردەگرێت

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پڕۆگرامێکی تایبەت رادەگەیەنێت
پاسپۆرتی ئەمەریكا
پاسپۆرتی ئەمەریكا

K24 - هەولێر

ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، بۆ ساڵی داهاتوو 125 هەزار پەنابەر وەردەگرێت، پڕۆگرامێکی تایبەتیشی بۆ وەرگرتنی ڤیزا بەشێوەی ئۆنلاین خستووەتەکار.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سەرۆک جۆو بایدن هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ وەرگرتنی پەنابەران دەکاتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا ساڵی 2020 ئەمەریکا 125 هەزار پەنابەر وەردەگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی "ئەمەریکا نەک تەنیا گەورەترین کۆمەکبەخشی مرۆییانەی تاکەکانە، بەڵکو هەوڵیش بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لەو ناوچانە دەدات، کە ئاڵۆزییان تێدایە".

جگە لەوەش ئەمەریکا پڕۆگرامێکی تایبەت بە پێدانی ڤیزای هەمەجۆری هەیە، کە خەڵک لە وڵاتانی دیکە دەتوانن لە رێگەی فۆڕمی ئۆنلاین داوای ڤیزای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بکەن. لەوبارەوە کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئەو پڕۆگرامەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "ئەوانەی دەیانەوێت کۆچ بکەن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ناونووسین بۆ گەڕی (2023)ی پڕۆگرامی ڤیزای هەمەجۆر کە بە ڤیزای "یانسیب" ناسراوە ئێستا کراوەتەوە، دەتوانن سەردانی وێبسایتی فەرمی پڕۆگرامەکە بکەن".

ئەمەریکا لە ساڵی 1995 ئەو پڕۆگرامەی خستووەتەکار، ساڵانە خەڵک دەتوانن لە رێگەی ئەو پڕۆگرامە داوای ڤیزای ئەمەریکا بکەن، چانس دەدرێت بەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییانیان دەیانەوێت کۆچ بۆ ئەو وڵاتە بکەن. کە مەبەست لێی هەمەڕەنگ کردنی پێکهاتەی ئەمەریکایە.