هەرێمی کوردستان میوانە، تا ئەو رۆژەی دەبێتە دەوڵەت

مەحموود مەشهەدانی
مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمان دوای رووخانی رژێمی سەدام
مه‌حموود مه‌شهه‌دانی، سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمان دوای رووخانی رژێمی سەدام

K24 - هه‌ولێر:

مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمان دوای رووخانی رژێمی سەدام، له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی كوردستان24 رایگه‌یاند، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەوە دەزانین، هەرێمی کوردستان میوانە، تا ئەو رۆژەی دەبێتە دەوڵەت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هەموو نەتەوەکانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خەلافەتی عوسمانی بوونە خاوەن دەوڵەت، تەنیا کورد نەبێت، ئەگەر دروست بێت، ئێمە 50 وڵاتی موسڵمانین، دەبێتە پەنجا و یەکەمین وڵات، ئەمە کێشە نییە.

له‌باره‌ی پێکهاتەی سوننە و پەرتوبڵاوی سەرکردەکان مه‌شهه‌دانی ئاشكرای كرد، تائیفییەت ئێمەی شەکەت کرد، ئەمەش بووە هۆکاری زیاتری پەرتەوازەییمان، کاتێک خەریک بوو لەم کێشانە بێینە دەرەوە، داعشمان لێپەیدابوو، شارەکانی ئێمەی داگیرکرد و زیاتر پەرتوبڵاو بووین.

ده‌قی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی كوردستان24 له‌گه‌ڵ مەحموود مەشهەدانی:

دکتۆر مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی یەکەم خولی پەرلەمان دوای رووخانی رژێمی سەدام، بەخێربێت بۆ ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ کەناڵی کوردستان24.

مەشهەدانی: بەخێربێن و سڵاو لە بینەرانتان.

با لە یاسای نوێ هەڵبژاردنەکانەوە دەست پێبکەین، دەوترێت، یاساکە شکستە بۆ دیموکراسی لە عێراق، بە پێچەوانەشەوە هەندێک دەڵێن، یاساکە باشە، رات چیە لەسەر ئەمە؟

مەشهەدانی: هەموو شتێک باش و خراپی هەیە، ئەگەر خراپییەکانی زۆرتر بوو، بە خراپ دادەنرێت، ئەمە بەگوێرەی زۆرینە، بە رای من وەڵامی ئەم پرسیارە یەک وشەیە، من کاندیدی باکووری بەغدام، لە گەرەکی جامیعە نیشتەجێم، بۆیە ژنەکەم و منداڵەکانم بۆیان نیە دەنگم پێبدەن، چونکە پێناسی نیشتەجێبوونییان گەڕەکەی جامیعەیە، منیش کاندیدم لەسەر باکووری بەغدا، جا دیموکراسی لەکوێدایە، ژنەکەت نەتوانێت دەنگت پێبدات.

باشە دکتۆر مەبەست لەم یاسایە چییە، کاتێک دایانڕشت نەیاندەزانی هەڵە لە یاساکەدا هەیە؟

مەشهەدانی: بیرۆکەکە لە شەقامەوە بوو، کە ئەمە داواکاری تشرینییە، بەڵام من پێموایە ئەمە وانییە، بەڵکو بەناوی تشرینی داتاشراوە، چونکە هەندێک لە سیاسییەکان، کەسانی تشرینییان هەیە، هەندێک لە رەوتەکانیش هەروا، ئەم هاوکێشە و یاسایە، پێشتر لەلایەن رەوتی سەدرییەوە تاقیکراوەتەوە، رەوتی سەدر لەو شێوازەدا بۆ ناوخۆی رەوتەکەی بەکاریهێناوە و سەرکەوتوو بووە و تا ئێستا سەرکەوتوو بووە تێیدا، جەماوەرەکەی خۆی بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرد، بۆ هەر یەکێک لەو ناوچانەش، کەسێکی دیاریدەکرد و داوای لە خەڵک دەکرد، تەنیا پشتیوانی لەو کەس بکەن و پشتیوانی لە هیچ کەسی دیکە نەکەن، بۆیە ئەم یاسایە بیردۆزەیەکی سەدری سەرکەوتووە، بۆ دەستکەوتنی زۆرترین کورسی لە پەرلەمانییە بۆ ئەوان، بۆیە من لەوبڕوایەدام سەرەنجام ئەم یاسایە دەبێتە هۆکاری پەرتەوازەیی لەناو پەرلەمانی داهاتوو، چونکە کاندیدی ئێستا پشت بە دەنگی ناوچەکەی خۆی دەبەستێت، نەوەک خەڵکی دیکە، بۆیە کاتێک سەردەکەوێت، دەڵێت، خەڵکی ناوچەکەی خۆم دەنگی پێداوم، بە پشتیوانی قەوارە سیاسییەکەم نەبووە، دواجار جۆرێک لە سەربەخۆیی دەبێت، دوای هەڵبژاردن ئەستەم دەبێت 328 کەس لەسەر پۆستێک رازیبکەیت، بۆ دەنگدان لەسەر پڕکردنەوەی پۆستی وەزارەتێک و دووان، چەند کات پێویست دەبێت، بەڵام پێشتر لە رێگەی قەوارەکان پێنج شەشێکییان رەزامەندییان دەدا نەوەک لەسەر ئاستی تاک، دەتتوانی ماوەکە کورت بکەیەوە.

دکتۆر بە رای تۆ سەربەخۆکان دەتوانن سەربکەون، یان ئەوانە دەبن، کە بەناو سەربەخۆن و پاشگری لایەنە سیاسییەکانی دیکەن؟

مەشهەدانی: تەنانەت ئەوانەی کە سەربە حزبەکانن، هەست بە جۆرێک لە سەربەخۆیی دەکەن، چونکە بەجێهێڵدرابوو، خۆی هەوڵ بۆ سەرکەوتنی خۆی بدات، بۆیە قەوارەکەی ناتوانێت منەتی بەسەردا بکات و پێی بڵێت، من دەنگم بۆ کۆکردیتەوە، بەڵکو ململانێیەکی کەسی بووە لەگەڵ ئەوانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنێکی باشەی ئەم یاسایە ئەوەیە، خەڵک دەتوانێت، تەنیا دەنگ بە کەسی ناوچەکەی خۆی بدات و بواری زیاتر بە سەربەخۆکان بدرێت بۆ سەرکەوتن، پێشتر ئەگەر کاندیدێک لە ناوچەکەی خۆی دەنگی زۆریشی هێنابوایە، بەڵام حزبەکەی دەبووە رێگر، بۆ نموونە، رائد فەهمی نا، وابزانم حەمید مەجید موسا، بوو لەگەڵ ئەوەی 15 هەزار دەنگی هێنابوو، بەڵام حزبەکەی نەیتوانی رێژەی پەڕینەوە بۆ پەرلەمان دەستەبەر بکات، بۆیە نەبووە پەرلەمانتار، ئەندامێکی دیکەی حزبێکی دیکە، بە 5 هەزار دەنگ سەرکەوت.

دکتۆر ئەگەر بە راشکاوی وەڵام بدەیتەوە، تۆ گەشبینی بە پەرلەمانی داهاتوو یان رەشبینی؟

مەشهەدانی: هیچ شتێک نییە مایەی گەشبینی بێت، شتێکی نوێ نییە، بۆ ئەوەی گەشبین بین، بەڵام هیوادارین ئەقڵییەتەکە بگۆڕدێت، ئیرادە بۆ چاکسازی سیاسی هەبێت، خۆشت دەزانیت، هەموو چاکسازییەکی سیاسی نیازی دەوێت، هەنگاوی یەکەم و سووربوونی پێویستە، لەو بڕوایەدام هەموومان لەنێو کەشتی چاکسازیدا دەبین، بۆ؟ چونکە هۆکارێکی دیکە لە گۆڕەپانەکە دروست بووە، کە هۆکاری تشرینییە، بۆیە ئێستا عێراقییەکان ئەگەر شتێکییان بەدڵ نەبوو، دێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، لەوانەیە ئەمجارەش نەگەڕێنەوە ماڵەوە، تەنیا بە رووخانی دەستەڵات نەبێت.

دکتۆر با باسی پێکهاتەی سوننە و پەرتوبڵاوی سەرکردەکان بکەین، بەشێکییان دوورکەوتنەوە و هەندێکیشیان دوورخرانەوە بۆ؟

مەشهەدانی: پێکهاتەی سوننە بژاردەی بەرەنگاربوونەوەی دوای رووخانی رژێم هەڵبژارد، راستە بە موقاوەمە ناتوانیت بەسەر ئەمه‌ریکادا سەربکەویت، بەڵام دەتوانیت بە شکۆمەندییەوە بدۆڕێیت، ئێمە کاتێک رووبەڕووی ئەمه‌ریکا بووینەوە، سەرنەکەوتین، بەڵام بە شەرمەزارییەوە شکستمان نەهێنا، چونکە وڵاتێکی گەورەیە و ئێمە بڕیاری بەرەنگاربوونەوەمان دا و رووبەڕووی بووینەوە، شەڕمان دۆڕاند، بەڵام بە سەرشۆڕی نا، ئەم شەڕە بووە هۆکاری پەرتەوازەیی سەرکردەکان، ئەوەی کوژرا، ئەوەی هەڵات، ئەوەی گیرا، دواتر تائیفییەت ئێمەی شەکەت کرد، شەڕی تائیفی، ئەمەش بووە هۆکاری زیاتری پەرتەوازەییمان، کاتێک خەریک بوو لەم کێشانە بێینە دەرەوە، داعشمان لێپەیدابوو، شارەکانی ئێمەی داگیرکرد و زیاتر پەرتوبڵاو بووین، دواتریش شەڕەکانی رزگارکردنەوە دەستیپێکرد، ئەمەش بووە هۆکاری راگواستن و ئەو شتانە، سەرەنجام کۆمەڵگە هەمووی پەرتەوازە بوو، پێکهاتەی سوننە هەستی بە نا ئومێدی کرد، کاتێک هیچ سەرکردەیەکییان لە کۆن و نوێ، نەیانتوانی برینەکانیان ساڕێژ بکەن، بە پێچەوانەوە ئەوەی برینەکانی ساڕێژکرد، لە پێکهاتەکانی دیکە بوون، ئێستا سەرکردایەتییەکی کۆنی پەرتەوازە و جەماوەری لەدەستداوە نەیانتوانی خۆیان لە نێو ئەو ئاڵۆزی و پەرشوبڵاوییەی پێکهاتەی سوننەدا بدۆزنەوە، سوننە تووشی چەندین زەبری گەورە بووە، کە بووە هۆکاری وێرانبوونی، ئێمە ئێستا خەریکە سەر و جەستەی پێکهاتەکە رێکدەخەینەوە.

دکتۆر سیاسییەکانی عەرەب، وەک مەرجەعێکی کورد، سەیری سەرۆک بارزانی دەکەن، بۆ سوننەش مەرجەعێکی نییە، یان ئەنجومەنی ئاقڵمەندان پێکبهێنن، بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەع بۆ بڕیارەکانتان، بۆ ئەوەی لەو پەرتەوازەییە رزگارتان بێت؟

مەشهەدانی: خەباتی مێژوویی برایانی کورد روونە، خەباتێکی دوورودرێژە، ئەمە بووەتە هۆکاری دروستبوونی مەرجەعی سیاسی، ئێستا مەرجەعە سیاسییەکانی کورد دیارن، لە هیچەوە و لە دوای 2003 دروست نەبوون، مەرجەعی ئێمە دەسەڵات بوو، ئەویشمان لەدەستدا، دواتر هەوڵماندا مەرجەعیەتێک دروست بکەین، کە ناومانا ئەنجومه‌نی شورای ئەهلی سوننە و جەماعە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر سەرۆکایەتی شکستمان هێنا، دواتر وەک باسمکرد، کەوتینە ناو ئاڵۆزییەکانەوە و لە ئەنجامدا لە پڕۆسەکانی رزگارکردنەوە هاتینەدەرەوە و هیچ سەرکردەیەکی هۆشیارمان نییە، کە کێشەکان یەکلاییبکاتەوە، خەڵکانی دیکەش هاتن و گەنجانی ئێمەیان بۆ خۆیان پەلکێش کرد، ئێستا لایەنی سوننە و شیعە لە کوردستان نین، رکابەری برایانی کورد بکەن، بەڵام لە ناوچەکانی ئێمە ئەمە هەیە، جا ئێستا چیمان پێویستە، شانەیەکمان لە سەرۆک پەرلەمانەکان، سەرۆک فراکسیۆنەکان، وەزیرانی پێشوو دامەزراندووە، کە ژمارەیەک کەسایەتی دیکەشی لەخۆگرتووە، کە پێشتر پۆستی باڵایان هەبووە، ئەوانەی پۆستی وەزارەتی بەرگری و پلاندانان و وەزارەت و پۆستی دیکەیان بەدەستەوە بووە، ئەمە لە راستیدا هەوڵێکە بۆ رێکخستنەوەی ناو ماڵی سوننە و دۆزینەوەی مەرجەعییەتێکە بۆ ئەم پێکهاتەیە.

دکتۆر بابێینە سەر بابەتی دەرچوونی هێزەکانی بیانی، بە تایبەت ئەمه‌ریکا، لە پەرلەمان تەنیا شیعە دەنگی لەسەر چوونەدەرەوەی هێزەکانی بیانی داوە، پێکهاتەی سوننە و کورد، دەنگییان نەدا، ئایا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کورد و سوننە مەترسییان هەیە، لە داهاتوودا، هاوبەشی راستەقینە لە عێراق نەمێنێت؟

مەشهەدانی: من تەنیا دەتوانم لەبری پێکهاتەی سوننە قسە بکەم، کورد پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ ئەمه‌ریکا هەیە، مانەوەی ئەمه‌ریکا زامنی مافەکانیانە لە دوای 2003 بەدەستی هێناوە، یان پێش ئەو وادەیە، لە سەردەمی ناوچەی دژە فڕینەوە، بۆیە نایەوێت ئەم هاوپەیمانێتی و پەیوەندییە ستراتیجییە لەدەست بدات، ئەگەر داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا بکات، پشتیوانییەکی گرنگی خۆی لەدەست دەدات، بەتایبەت کە دەوڵەتی تایبەت خۆی نییە، بۆیە پێویستییان بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام عەرەبی سوننە، راستە ئێمە لەگەڵ ئەمه‌ریکا هاوڕێ نین، دوایین کەس بیری لێبکەینەوە هاوڕێیەتی بکەین، ئەمه‌ریکاییەکانن، چونکە رووبەڕووبونەوەی زۆرمان لەگەڵییان هەیە، تەنانەت گومان دەکەم، داعشیش لەلایەن ئەمه‌ریکاوە بۆ سزادانی پێکهاتەی سوننە دروستکرابێت، بەڵام لە واقیعدا بوونی هێزەکانی بیانی لە عێراق، کە بە رەزامەندی حکومەتە، زامنی پاراستنی دۆخی ئەمنی ناوچە سوننەنشینەکانە، بۆیە دەمانپرسی ئایا ئەگەر داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا بکەین، حکومەتی عێراق دەتوانێت دۆخی ئەمنی ناوچەکانمان بپارێزێت و جارێکی داعش و رێکخراوی دیکە نەگەڕێنەوە، ئێمەش توانای زەبرێکی دیکەی هاوشێوەی داعش ناگرینەوە، جا ئەگەر هێزەکانی عێراق توانای پاراستنی ئێمەیان هەبێت، ئێمە کێشەمان نییە، بۆیە داوامان کرد فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێتە پەرلەمان و بەلێنی پاراستنی ناوچەکانمان و پڕکردنەوەی بۆشایی بدات، ئێمە ئاگادارین تا ئێستاش حکومەتی عێراق، پشت بە زانیاری هەواڵگری و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی هاوپەیمانان دەبەستێت، بوونی ئەو هێزانەش لەسەر داوای حکومەتی عێڕاقە، ئەم بابەتە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، بەڵکو دەبێت حکومەتی عێراق داوای کشانەوە بکات، ئێستاش وادیارە حکومەتی عێراق خەریکی دانوستانە لەمبارەوە، بۆیە دژایەتی ئێمە بۆ کشانەوە جیاوازە، برایانی کورد، مانەوەی هاوپەیمانان بە گرەنتی پارێزگاریکردنییان دەزانن، بە زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانیان دەبینن، ئێمە ترسمان لە بۆشایی ئەمنی هەیە، حکومەتی عێراقیش ناتوانێت بۆشاییەکە پڕبکاتەوە.

بەڵام دکتۆر، ئێستاش بۆشایی ئەمنی هەر هەیە، لەو ناوچەیەی بە سێگوشەی سوننە دەناسرێت، لە نێوان سەڵاحەدین، کەرکووک و دیالە، داعش لەو ناوچەیە چالاکە، بە تایبەت لە شەودا، هێزەکانی عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەیان نییە، بۆیە ترسەکەتان لە شوێنی خۆیەتی.

مەشهەدانی: بەڵی ترسمان لە شوێنی خۆیەتی، تەنانەت لە ناوچەکانی دەورووبەری بەغداش، بۆیە بە راشکاوی دەڵێم، سوننە مەرجەعیەتێکی دەسەڵات بەدەستی نییە، هەموو دەستەڵاتەکانمان بە دەست حکومەتی عێراقییەوەیە، سەرەنجام ئێمەش سەربە حکومەتی عێراقین، ئەگەر داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا بکات، ئەمە پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە، وە ئەگەر دۆخی ئەمنیش تێکبچێت، ئەو لێی بەرپرسە.

گریمان هێزەکانی بیانی و هاوپەیمانان چوونە دەرەوە، ئایا پێشبینی دەکەن، پێکدادان لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق، بە کورد و سوننە و شیعەوە سەرهەڵبدات؟

مەشهەدانی: پێموایە ئەم سیناریۆیەمان تێپەڕاند، باوەڕ ناکەم ئەمە رووبداتەوە، پێشتر لەگەڵ برایانی کورد لە کەرکووک پێکدادان هەبووە، لە ئەنجامیشدا هیچمان دەستکەوتمان نەبوو، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ حوکمی دەستوور و گوێڕایەڵی بۆ ماددەکانی دەستوور، وەک برا لە نێو یەک وڵات بە یەکسانی و خۆشەویستییەوە بژین، هەروەها لە شەڕی تائیفی نێوان عەرەبی سوننە و شیعە زیانی زۆرمان کرد، بۆیە جارێکی دیکە، ئەم 3 پێکهاتەیە، کورد، سوننە و شیعە، ناگەڕێنەوە بۆ ئەم سیناریۆیە.

دکتۆر دەستێوەردانەکانی ئێران لە سەرجەم ناوەندەکانی دەسەڵات لە عێراق ئاشکرایە، پێشبینیتان بۆ نەخشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی داهاتوو چییە، دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق؟

مەشهەدانی: پێموایە جۆرێک لە یەکنزیکبوونەوە لە نێوان پێکهاتەکان دەبێت، بە تایبەت لە نێوان سوننە و شیعە، بەرنامەیەک بۆ لەیەکترنزیکبوونەوە نەوەک جیاوازی دادەنێین، کاردەکەین بۆ ئەوەی دەوڵەت لە قۆناخی پێکهاتەکانەوە بۆ دەوڵەتی هاوڵاتیبوون بگۆڕین، ئەگەر دەوڵەتی پێکهاتەیی بۆ هاوڵاتیبوون بگۆڕین، ئەوا وڵات سەقامگیر دەبێت، بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئەوە دەزانین، هەرێمی کوردستان میوانە، تا ئەو رۆژەی دەبێتە دەوڵەت، ئێمە چاک ئەمە دەزانین، بەڵام میوانێکی ئازیز و خۆشەویستە و خۆزگە زۆرترین ماوە لەگەڵمان بمێنێتەوە، وەک ئەوەی دەگوترێت، ئەی میوان ئەگەر سەردانمان بکەیت، دەبینیت تۆ خاوەن ماڵ و ئێمە میوانین، دەزانیت باوەڕ و مێژوو و جوگرافیا، دەبێتە هۆکاری زیاتر پەرەسەندنی برایەتی، لەگەڵ ئەوەشدا، دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، تاکە گەلێک کە نەبووە خاوەن دەوڵەت کورد بوو، لەکاتێکدا عەرەب بووە خاوەن 21 وڵات، عەجەم و تورک دەوڵەتییان هەیە، هەموو نەتەوەکانی ژێر خەلافەتی عوسمانی بوونە خاوەن دەوڵەت، تەنیا کورد نەبێت، بەسەر 4 وڵاتدا دابەشکران، یان 5 وڵات، لە رووسیاش، وادیارە بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردی دروست نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دروست بێت، ئێمە 50 وڵاتی موسڵمانین، دەبێتە پەنجا و یەکەمین وڵات، ئەمە کێشە نییە، بەڵام کێشەکە هەندێکجار لە جوگرافیا دەبێت، ئەم ناوچەیە هی منە ئەمە هی تۆیە، ئەمەش دەکرێت بە برایانە لێکتێگەیشتی لەبارەوە بکرێت، بەڵام لە شەقامی عێراقی، ئێستا داوای حکومەتی هاووڵاتیبوون و تێپەڕاندنی قۆناخی مەزهەبی دەکرێت، ئێمە عەرەبین بۆ باسی سوننە و شیعە بکەین، عەرەبی موسڵمانین و کوردی موسڵمانین، بۆ ئێمەی عەرەب بەسەر شیعە و سوننە خۆمان دابەش بکەین، ئێستا کورد ناڵێت کوردی سوننە و کوردی شیعە، بۆیە دەبێتە بگەینە ئەو بڕوایە ئەم جیاوازییە نەمێنێت، چونکە پیاو بە هاوڕێکەیەوە پیاوە، من لەو بڕوایەدام، با سوننە و شیعە بەمشێوەیە پێناسە بکە، شیعە وەک گازی هایدرۆجین ئاگر دەگرێت، سوننەش وەک ئۆکسجینە یارمەتیدەری سووتانە، ئەمە بەهۆی کولتوورەوەیە، بۆیە ئەگەر هەر بڵێین ئێچ توو، ئۆ توو، ئەوا هەریەکەمان ئەویتر دەسووتێنێت، بەڵام ئەگەر رێکبکەوین، دەبینە ئێچ توو ئۆ، H2O، دەبینە ئاو، دواجار عێراق بەبێ ئەم هاوکێشەیە سەقامگیر نابێت.

عورفێک هەیە، بەڵام نە لەدەستوور و نە لە یاساشدا نییە، سەرۆکایەتی کۆمار بۆ کورد، سەرۆکایەتی حکومەت بۆ شیعە و سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ سوننە، ئایا لەگەڵ ئەوەدایت ئەم عورفە لە عێراق بمێنێت، یان بە رای تۆ باشترین فەرمانڕەوایی لە عێراق کامەیە؟

مەشهەدانی: لە راستیدا دوێنی لە کۆبوونەوەکانمان باسی ئەم بابەتەمان دەکرد، یەکەم ئەمە عورف نییە، بەڵگەش ئەوەیە، یەکەم سەرۆک کۆمار عەرەب بوو، کورد نەبوو، ئەوەی روویدا، لەوانەی سەرکردەکانی کورد بزانن، بەڵام خەڵکی ئاسایی نەزانن، هاووڵاتیانی سوننە و شیعەش ئەمە نازانن، ئێمە تارق هاشمیمان کاندید کردبوو، کە جێگری غازی یاوەر بوو، بەڵام مام جەلال خۆشەویست بوو لەلامان، سەرکردە سوننەکان مام جەلالییان خۆشدەوێت، داواکاری ئەو لەلای ئێمە گەورەیە، گوتی، کاک مەسعود بووەتە سەرۆکی هەرێم، منیش دەبێت ببمە سەرۆک کۆمار، بۆیە سەرۆکایەتی کۆمار وەردەگرم، ئەمەش بووە داواکارییەکی کەسی نێوانمان، گوتی سەرۆکایەتی کۆمارم پێبدەن، دوایی وەریبگرنەوە، پێمانگوت، ئێمە کێشەمان نییە دەبیتە سەرۆک کۆمار، سەرۆک پەرلەمان، یان هیچییان وەرنەگریت، تۆ مامی و تەواو رێزت هەیە، ئەمە بەمشێوەیە بوو، پێموایە ئەگەر کورد سووربن لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار، هیچ سوودێک نابینن، بەڵام ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرن، لەوانەیە سوودی زیاتر بکەن، ئەوان سوورن لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و زیانیشی لێدەکەن، نازانم هۆکاری ئەم سووربوونە چیە، بە رای من بێت، ئەگەر کێشە مێژووییەکان چارەسەر ببن، با سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت و پەرلەمانیش بەدەست کوردەوە بێت، کێشەمان نییە، مادام پڕۆژەیەکمان هەیە و لەسەری رێککەوتبین، کێ پڕۆژەکە جێبەجێ دەکات گرنگ نییە، لەکاتێکدا توانای جێبەجێکردنی هەیە و پابەندی پڕۆژەکەیە، بەڵام ئەمە هەر وەک نەخشەیەکی تەوافوق دەمێنێتەوە، ئێمە کێشەمان نییە، کورد دەیەوێت با بۆ ئەوان بێت، بەڵام ئێمەش مەبەستمانە، نەوەک هەموو سوننە، رەوتێکی بەهێز هەیە پێیوایە سەرۆکایەتی پەرلەمان گرنگترە، سەرۆکایەتی کۆمارمان ناوێت، ئێمە دەڵێین سەرۆکایەتی کۆمار بۆیە گرنگە، دەبێتە ناسنامەمان لە کۆمکاری عەرەبی، ناسنامەمان کە دەستووریش، ناسنامەی عێراق وەک ئەندامی دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبی، ئەگەر وەریبگرین دەبێتە ناساندنی ناسنامە و هیچی تر، ئێمە کێشەی ناسنامەمان هەیە، نازانین ئێستا عێراق وڵاتێکی عەرەبییە، ئیسلامییە، یان تێکەڵە، ناسنامەی نییە، ناساندنی عێراق، وەک ئەندامی دامەزرێنەری کۆمکاری عەرەبی، بووەتە نوکتەیەکی دەستووری، ئێستا من ئەگەر کوردستان پێناسە بکەم چ بڵێم، بڵێم ئەندامە لە سۆسیالیستی نێودەوڵەتی، یان کە دەڵێین عێراق ئەندامە لە کۆمکاری عەرەبی، مایەی پێکەنینە، چونکە ناسنامەی بە تەواوەتی دیار نییە، هەرچۆنێک بێت پێداچوونەوە بە دەستوور چیرۆکێکی درێژە.

دکتۆر مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، یەکەم سەرۆک پەرلەمان دوای 2003، زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە جوان و سەرنجڕاکێش و راشکاوە.