مەخموورییەکان لەنێوان داعش و هێزەکانی عێراق بوونەتە قوربانی

"دۆخی ئەمنی مەخموور بەرەو خراپی دەچێت"
مەخموور
مەخموور

K24 - مەخموور

تادێت رەوشی ئەمنی مەخموور بەرەو خراپی دەچێت، دانیشتووانی لەنێوان ھێزە عێراقییەکان و داعش قوربانی سەرەکین. گەنجانی شاری مەخموور ئاماژە بەوە دەکەن، دڵنیا نین لەسەر و ماڵی خۆیان، کەسیش نییە بیان پارێزێت  لەلایەک میلیشیاکان مەترسین بۆ سەریان و مەترسییەکانی داعشیش تا دێت لە زیادبوونە .

مەخموور، ئەو شارۆچکەیەی لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لەژێر ھەڕەشەی ئەمنیی و سەربازی داعش و ھێزە میلیشیاکاندایە، لەلایەک داعش گەنجەکانیان دەرفێنێت  لەلایەکی دیکەش ھێزە عێراقییەکان بەهۆی کوردبوونیان ھەڕەشەی چۆڵکردنی گوندەکانیان لێ دەکەن، بەلای گەنجانی مەخمور ھەتا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو شارۆچکەیە  ئەوان ئاسودەیی بەخۆیەوە نابینێت و ھەمیشە مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە.

دیار مەلا خدر، هاووڵاتییەکی دانیشتووی مەخموورە بە کوردستان24ی گوت: "بەهۆی غیابی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، خەڵک لە دڵەڕاوكێیەکی زۆردان، بارودۆخی ئەمنی زۆر خراپە بەتایبەتی لە چیای قەرەچوغ کە چەکدارانی داعش لەوێن".

گەنجێکی مەخموور بەناوی دلێر محەمەد، دەڵێ: "ئومێدمان هەیە لەگەڵ گەڕانەوەی پارتی و هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکە بارودۆخی ئەمنی باشتر دەبێت".

جێگری پارێزگاری نەینەوا نایشارێتەوە کە بارودۆخی ئەمنی مەخموور خراپە و رایدەگەیەنێت، ئەوان لەگەڵ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەم ناوچانە و کۆتایی ھێنانین بەو عەسکەرتاریەتەی لەسەریانە.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بە کوردستان24ی راگەیاند: "پشتگیری لە دانوستانەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەکەین، بۆ جێگیرکردنی هێزێکی هاوبەش لەو ناوچانەی بەهۆی داعشەوە مەترسیان لەسەر هەیە، ئومێد دەکەین ئەو بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت".

وەزارتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەش، بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام تائێستا رێککەوتنی لەسەر نەکراوە، سوپاسالاری وەزارتی پێشمەرگە دەڵێت، گفتوگۆکان بەردەوامن، بەڵام تائێستا ھیچ دەرئەنجامێکی باشی لێ نەکەوتووەتەوە.

فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری پێشمەرگە لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا: "ئەو باوەڕە دروستبووە دەبێ هێزێکی هاوبەش لەو ناوچانە جێگیر بکرێن و دانوستانیش لەوبارەوە بەردەوامە".

گوتیشی: "شەش ناوەندی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق پێکهێنراون، کە ناوەندە سەرەکییەکان لە هەولێر و بەغدان، هەروەها چوار ناوەندی دیکەش لە کەرکووک، خانەقین، مەخموور و رۆژئاوای دیجلەن، ئێستا ئەو ناوەندانە دەستبەکاربوونە".

لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە بارودۆخێکی ئەمنی خراپدان و مەترسییەکانی داعش تا دێت لەو سنوورانە زیاتر دەبێت. تائێستا لایەنە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق لەدوای دەیان کۆبوونەوە، ھەرجارە و بە بیانویک کۆبوونەوەکانی لەگەڵ وەزارتی پێشمەرگەی ھەرێم درێژ دەکاتەوە، دروستکردنی دوو لیوای ھاوبەشی نێوان وەزارتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دوو لیواییە دروست نەکراون.