مێسی: ئێستا من له‌ پاریس ونبوومه‌

لیۆنێل مێسی له‌ دیمانه‌ی فرانس فووتبۆڵی فه‌ره‌نسا
لیۆنێل مێسی له‌ دیمانه‌ی فرانس فووتبۆڵی فه‌ره‌نسا

لیۆنێل مێسی یاریزانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان له‌ دیمانه‌یه‌كی گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز به‌ ته‌نیا خۆی به‌ باشترین یاریزانی جیهان نازانێت، ده‌شڵێت: زۆر یاریزانی باشمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ 2021 له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌سی ئاستێكی به‌رزیان پێشكه‌ش كرد وه‌كو كه‌ریم بێنزێما و لیڤاندۆڤسكی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نازناوی به‌ كۆمه‌ڵ بكرێته‌ پێوه‌ر دڵخۆشم ده‌بم ئه‌گه‌ر من ئه‌و خه‌ڵاته‌ ببه‌مه‌وه‌.

لیۆنێل مێسی كه‌ ئێستا ناوی له‌ نێو لیستی ئه‌و 30 یاریزانه‌دایه‌ كه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باڵۆن دۆری ئه‌مساڵ به‌ربژێر كراون، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ست به‌ جیاوازییه‌كی زۆر له‌ نێوان بارسێلۆنا و پاریس ده‌كات.

لیۆ ده‌ڵێت: له‌ بارسێلۆنا من زۆر شاره‌زا بووم، له‌ هه‌موو شتێكی ئه‌و یانه‌یه‌ شاره‌زابووم، له‌و یانه‌یه‌ گه‌وره‌ بووم، هه‌رگیز بیرم له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ رۆژێكدا بێت ئه‌و یانه‌یه‌ جێبهێڵم.

لیۆ ده‌شڵێت: به‌ڵام ئێستا من له‌ پاریس هه‌ست ده‌كه‌م ونبوومه‌، هه‌موو شتێك لێره‌ بۆ من جیاوازه‌، به‌ڵام هه‌وڵمداوه‌ به‌خێرایی خۆم بگونجێنم، زۆر په‌رۆشم بۆ داهاتوو، هه‌ستێكی خۆشم هه‌یه‌ و تادێت زیاتر ده‌گونجێنم، نێیمار و دی ماریا و پارادیس رۆڵی گه‌وره‌یان بینی له‌ هاتنی من بۆ پاریس، بوونی ئه‌وان كارئاسانی بۆ من كرد كه‌ به‌خێرایی خۆم بگونجێنم.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی دا، ئه‌ستێره‌ ئارجێنتینایه‌كه‌ جیاوازی له‌ نێوان MSN و MMN ده‌كات، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: كاتێك من و سوارێز و نێیمار به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ بارسێلۆنا یاریمان ده‌كرد، هه‌موومان گه‌نجتربووین له‌ ئێستا، سوارێز یاریزانێك بوو زیاتر حه‌زی ده‌كرد له‌ بۆكس بمێنێته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئێستا، ته‌نیا مباپێ گه‌نجه‌، ئه‌ویش زیاتر حه‌ز ده‌كات تۆپه‌كان له‌ باڵه‌كان به‌خێرایی بۆ نێو سندوق بگوازێته‌وه‌ و زیاتر حه‌ز ده‌كات تۆپی لا بمێنێته‌وه‌.

لیۆ گوتیشی: دڵخۆشم به‌ مانه‌وه‌ی كلیان مباپێ له‌ پاریس، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌م زیاتر له‌ ئامانجه‌كه‌مان نزیكمان ده‌كاته‌وه‌، مباپێ به‌ ئیسپانی له‌گه‌ڵ من قسه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی منی ئاسان كردووه‌ و ئێستا زۆر به‌باشی له‌یه‌كتر تێده‌گه‌ین.

لیۆنێل مێسی یاریزانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان
لیۆنێل مێسی یاریزانی یانه‌ی پاریس سانجێرمان