زانکۆلاین 48 كاتژمێر درێژ کرایەوە

K24 – ههولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ماوەى (زانکۆلاین)ى بۆ 48 كاتژمێرى داهاتوو درێژدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی (10/10) رۆژی دەنگدانە و هاووڵاتیان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین)یان پڕنەکردووهتەوە یان تەواویان نەکردووە، هەروەها بەهۆی ئەوەشی (10/10) رۆژی دەنگدانە و هاووڵاتیان سەرقاڵی پرۆسەی دەنگدانن، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا ماوەى زانکۆلاین (48) كاتژمێرى دیکە واتە تا كاتژمێر (12)ی شەوى رۆژى دوشەمە رێکەوتى (2021/10/11) بۆ دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە.
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا راشیگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوان، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمى زانکۆلاین تەواوبکەن.
گوتیشی: ئەمە دواین دەرفەتەو چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، هەر بۆیە داوا لە دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی دەکەین، کە تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە، پێویستە لەماوەى ئەو 48 كاتژمێرەدا پەلەبکەن و تەواوى هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پڕکردنەوەو تەواوکردنى فۆرمى زانکۆلاین.