بنکەکانی دەنگدان داخران

پڕۆسەی دەنگدانی گشتی کۆتاییهات
بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان
بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – هەولێر

کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ پڕۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کۆتاییهات و بنکەکانی دەنگدان داخران.

ئەمڕۆ 10/10/2021، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختە، بە هەردوو پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی 24 ملیۆن و 299 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 17 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا 988 هەزار کەس لە عێراق، بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان هەبوو، کە لە دایکبووی 2001 و 2002 و 2003ـن.

ئەم هەڵبژاردنە کە زووتر لە وادەی خۆی ئەنجامدرا و پێی دەگوترێت "هەڵبژاردنی پێشوەختە" لە ئەنجامی ناڕەزایەتی خەڵک لە حکومەتی عێراق بڕیاری لێدرا، یەکێک بووە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق لە دوو ساڵی رابردوو بەتایبەتی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019.