ھاتووچۆ لە 10 گەڕەكی شاری ئامەد قەدەغە دەكرێت
K24 - ئامەد
بە بڕیاری پارێزگاری ئامەد، وەك ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی قەدەغەی ھاتووچۆ لە 10گەڕەكی ناوچەی لجێی شاری ئامەد لە باكووری كوردستان راگەیەندرا.
پەیامنێری (كوردستان24) لە ئامەد رایگەیاند: "لە كاتژمێر 10:30 پێش نیوەڕۆیی ئەمڕۆوە پارێزگاری ئامەد قەدەغەی ھاتووچۆی لە 10 گەڕەكی ناوچەی لجێی شاری ئامەد راگەیاند و ھێزە ئەمنییەكانی توركیاش ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی ئەندامانی یەپەسە و پەكەكە دەستپێبكەن".
ناوچەی لجێ بە ھۆی شاخاوی بوونییەوە، ھێزە ئەمنییەكان گومانیان ھەیە ئەندامی پەكەكە و یەپەسەی تێدا ھەبن و بۆیە قەدەغەی ھاتووچۆی لێ راگەیاندراوە.
ئەمە لە كاتێكدایە گەریلاكانی پەكەكە و ئەندامانی یەپەسە بەردەوامن لە چالاكییەكانیان دژ بە ھێزە ئەمنییەكانی توركیا و پێشتریش ھێزە ئەمنییەكانی توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیان لە دژی ئەندامانی ھێزەكانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە چەندین ناوچەی دیكەی باكووری كوردستان ئەنجامداوە.