تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردن: رێژه‌ی به‌شداریكردن له مووسڵ جێگه‌ی شه‌رمه‌زارییه
K24- هه‌ولێر:
یاسر حه‌مه‌دانی، سه‌رۆكی تۆڕی شه‌مس بۆ چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌باره‌ی ئه‌و كیشانه‌ی له سنووری پارێزگای نه‌ینه‌وا له پرۆسه‌ی ده‌نگدان هاتنه ئاراوه، تایبه‌ت بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئه‌مڕۆ له ده‌نگدانی گشتی له مووسڵ بریتی بوو له تێكچوونی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری ئامێره‌كانی ده‌نگدان، كه زیاتر له 60 دانه له‌و ئامێرانه كێشه‌یان هه‌بوو.
هه‌روه‌ها گوتی: هه‌رچه‌ند تیمێكی ته‌كنیكی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و ئامێرانه ئاماده كرابوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و كێشانه بۆ ماوه‌یه‌ك پرۆسه‌ی ده‌نگدان له چه‌ند بنكه‌یه‌ك وه‌ستابوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێمه ده‌یان چاو‌دێر له تۆڕی شه‌مس به‌سه‌ر بنكه جیاوازه‌كانی ده‌نگدان له مووسڵ دابه‌ش ببووین و ئه‌وه‌ی تێبینیمان كرد، بوونی هه‌ندێك پێشێلكاری بوو كه تۆماركران، به‌تایبه‌ت كه له‌به‌رده‌م ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی ده‌نگدان هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن له بانگه‌شه‌كردن بۆ به‌شێك له داندیدان به‌رده‌وام بوون. له به‌عشیقه و گه‌یاره و هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه ئه‌و پێشێلكارییانه هه‌بوون.
سه‌باره‌ت به رێژه‌ی به‌شداریكردنیش له پرۆسه‌ی ده‌نگدان، سه‌رۆكی رێكخراوی شه‌مس به راشكاوانه گوتی: رێژه‌ی به‌شداریكردن زۆر نزم بوو، ئه‌مه‌ش جێگه‌ی شه‌رمه‌زارییه.
هۆكاری ئه‌و به‌شدارینه‌كردنه‌ش بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، كه خه‌ڵكێكی زۆر له شاری مووسڵ بۆ ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوو به‌ده‌ست ده‌یان نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌رییه‌وه ناڵاندوویانه و به‌م شێوه‌یه‌ش سزای به‌رپرسانی شاره‌كه‌یان داوه.
له‌باره‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ش كه له شنگال كراون، یاسر حه‌مه‌دانی جه‌ختی كرده‌وه، شنگال دۆخێكی تایبه‌تی هه‌یه، چونكه خه‌ڵكێكی زۆر ده‌ستوه‌ردانی تێدا ده‌كات و چه‌ند هێزێكی جیاواز و گرووپی میلیشیای ده‌ره‌وه‌ی یاسای تێدایه، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌ر له هه‌ڵبژاردنیش روویدا، كه رێگری له كاندیدانی لایه‌نه‌كان ده‌كرا و رێگه‌یان نه‌درا بانگه‌شه بۆ خۆیان بكه‌ن، بۆ نموونه ئه‌و رێگرییه‌ی له كاندیدانی پارتی كرا، ته‌نانه‌ت پۆسته‌ره هه‌ڵواسراوه‌كانیشیان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن لاده‌برد، بۆیه كێشه‌ی گه‌وره له شنگال هه‌بوو.
گوتیشی: له پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش به ده‌نگدانی تایبه‌ت و گشتییه‌وه تێبینی چه‌ندین كێشه‌مان له شنگال كرد، هه‌ندێك له‌و گرووپه میلیشیایانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی یاسان و له‌ناو شنگالن، پێشێلكاری زۆریان كردووه و هه‌مووشیان تۆماركراون.
هه‌روها ئاشكرایكرد، جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان له بنكه‌كانی ده‌نگدان له سنووری قه‌زای شنگال، له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی دیكه جیاواز بوون و وه‌ك پێویست جێبه‌جێ نه‌ده‌كران.