له‌ سۆران گەنجێکی 18 ساڵ بووە قوربانی تەقەی خۆشی

لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تەقەیان کردووە
جەمیل زۆراب، ئەو گەنجەی شەوی رابردوو لە گوندی هاودیانی دەڤەری سۆران بەهۆی تەقەی خۆشی گیانی لەدەستدا
جەمیل زۆراب، ئەو گەنجەی شەوی رابردوو لە گوندی هاودیانی دەڤەری سۆران بەهۆی تەقەی خۆشی گیانی لەدەستدا

K24 – هەولێر

لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەکان، شەوی رابردوو لە چەند ناوچەیەک تەقەی خۆشی کرا، بەو هۆیەوە لە سۆران گەنجێک برینداربوو، ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان لە سۆران رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە نافەرمییەکانی هەڵبژاردن لە چەند ناوچەیەک تەقە کرا، بەوهۆیەوە گەنجێک بە ناوی جەمیل زۆراب تەمەن 18 ساڵ لە گوندی هاودیانی سەر ناحیەی دیانا برینداربوو، بەهۆی سەختی برینەکەشییەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

مەحموود هاودیانی، یەکێکە لە کەسایەتییەکانی ئەو گوندە و بە کوردستان24ی گوت: "لەوکاتەی ئەنجامە نافەرمییەکانی هەڵبژاردن راگەیەندرا، لە هاودیانیش وەک زۆر ناوچەی دیکە گەنجان دڵخۆش بوونە و بەداخەوە تەقەی خۆشیان کردووە، کە ئەو رووداوە ناخۆشەی لێکەوتەوە".

روونیکردەوە: "باوکی جەمیل، لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور پێشمەرگەیە، ئەویش وەک گەنجانی دیکە تەقەی کردووە، دواتر نەیزانیووە کە گولـلە لەبەر چەکەکە ماوەتەوە، دەستی بەردەکەوێتەوە و گولـلە بەر خۆی دەکەوێتەوە، بەداخەوە بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا".

ئەو کەسایەتییەی گوندی هاودیان داواشی لە هاووڵاتییانی ناوچەکە کرد، پێویستە واز لە دیاردەی تەقە کردن بێنن، دەکرێ بە چەندین شێوەی دیکە دڵخۆشی خۆیان دەربڕن".