گۆڕان داوای لێبوردن دەکات

K24 – هەولێر
بزووتنەوەی گۆڕان دان بە هەڵەی خۆیان دادەنێن و داوای لێبوردن لە ئەندام و دەنگدەرانی دەکات کە نەیانتوانیوە دەنگی پێویست بە دەستبێنن.
خانەی راپەراندن-ی بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ: "ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەریخست؛ کاندیدەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوە و سەرنەکەوتوون. لێرەوە، دوای سوپاس و پێزانینمان بۆ بانگەشەکاران و ھەڵسوڕاوانی دڵسۆز، داوای لێبوردن لە دەنگدەرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەین و، دان بەوەدا دەنێین کە ھەڵە و کەموکوڕی لە ئێمە بووە کە سەرەڕای هەلومەرجە بابەتییەکان بۆیە متمانەی خەڵکمان بەدەستنەھێناوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا گۆڕان رایگەیاندووە: "بە راشکاوی دەڵێین کە پێویستمان بە گۆڕانکاری و بەخۆداچوونەوەی ریشەیی بزووتنەوەکە و سیاسەتەکانی ھەیە، چونکە دەنگدەرانمان ھەڵوێستیان وەرگرتووە و زۆرینەیان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە، وەکچۆن زۆرینەی ھاووڵاتییان ھەمان شتیان کردوە. ئەم واقعە تاڵەش، پێویستی بە بڕیار و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە، ئێمە ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆ بگرین و، لە نزیکترین کاتدا گۆڕانکاری ریشەیی بکەین".