میلیشیاکان لە هەڵبژاردن پاشەکشەیان کرد و هەڕەشە دەکەن

بەشێک لە شیعەکان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە
چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق - ئەرشیف
چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بووە مایەی ناڕەزایەتی زۆربەی لایەن و گرووپە چەکدارەکانی شیعە، تەنیا رەوتی سەدر نەبێت کە 73 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە، هەر بۆیە ئێستا میلیشیاکان هەڕەشە دەکەن و بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین ئەو ئەنجامانەی کۆمسیۆن رایگەیاندووە قبوڵ بکەن.

هاوکات بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی عێراقی، هیچ ئومێدێکییان بە هاتنەدی گۆڕانکاری لە وڵاتەکەیاندا نەماوە.

لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی عێراق بایکۆتی هەڵبژاردنییان کرد و رێژەی دەنگدان تەنیا %41 بوو، دوای ئاشکراکردنی ئەنجامەکانیش، بەشێکی زۆری هاووڵاتییان هیچ هیوایەکییان بە گۆڕانکاری لە وڵاتەکەیان نیە.

هاووڵاتییەک دەڵێ: " گوتمان بەڵکو گۆڕانکاری بێتەدی، بەڵام هەمان دەموچاوەکانی پێشوون، بۆیە باوەڕناکەم هیچ گۆڕانکارییەک رووبدات ".

جیا لە بێئومێدی خەڵک، ئەو حزبانەی نەیانتوانیووە وەک پێویست لە هەڵبژاردن سەرکەوتووبن، ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە، بەتایبەت حزبە شیعەکان، جگە لە رەوتی سەدر.

هاوپەیمانی فەتح، دوای ئەو شکستەی گەورەیەی لە هەڵبژاردنەکان تووشی بوو، کە %70 دەنگەکانی لەدەستدا، رایگەیاند، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەندی رێکارە یاساییەکان نەبووە و سکاڵا لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمار دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، وەک ناڕەزایەتییەک دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەبوعەلی عەسکەری گوتەبێژی میلیشیای کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، داوای لە گرووپە چەکدارەکانی دیکەی حەشدی شەعبی کرد خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ پارێزگاریکردن لە مانەوەی خۆیان.

هەروەها عەسکەری داوای لە هادی عامری، عەمار حەکیم، فالح فەیاز و حوسین موئنیس کردووە، نەچنە ژێڕباری قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.