پارتی 28 سکاڵا تۆمار دەکات

سکاڵاکانی پارتی لە سنووری چوار پارێزگان
هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان
هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر

دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان 28 سکاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە، نەینەوا تۆمار کردووە و ئەمڕۆش چەند سکاڵایەکی دیکە دەکات.

هاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "سکاڵاکانمان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک، هەڵەبجە و نەینەوا-ن، حاڵەتەکان جۆراوجۆرن، بۆ نموونە رێگری هەبووە لەلایەن هێزی چەکداری نایاسایی، هەروەها پێشێلکاری و دزی و ساختەکاری هەبووە، لە هەندێک شوێن ویستومانە سکاڵا تۆمار بکەین لەناو بنکەکانی دەنگدان تەنانەت فۆڕمی سکاڵامان بۆ دابین نەکراوە".

ئاشکراشی کرد: "تائێستا 28 سکاڵامان تۆمار کردووە، ئەمڕۆش لە هەوڵداین بۆ تۆمارکردنی چەند سکاڵایەکی دیکە".

هاوار محەمەد، روونیکردەوە: "لە سلێمانی لە بازنەی 1 و 2 سکاڵا تۆمار دەکەین، لە هەڵەبجە و گەرمیانیش لە چەند بازنەیەک سکاڵامان هەیە".

باسی لەوەشکرد: "ئەو ژمارانەی بە شیت لای خۆمانە جیاوازە لەگەڵ ئەو ژمارانەی لە کۆمسیۆن راگەیەندراوە، ئەگەر سکاڵاکانمان قبوڵ بکرێت، کورسییەکانمان زیاد دەبن بۆ 34 تا 35 کورسی".

ئاشكراشیكرد، ناسكه‌ عه‌بدوڵڵا كاندیدی سنووری لقی 11ی حزبه‌كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین جیاوازی ده‌نگه‌كانی زۆرن و نزیكه‌ی 3 هه‌زاره‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش سكاڵایان كردووه‌، دووپاتیشی كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر سكاڵاكانیان شوێنی خۆیان بگرن و به‌ گوێره‌ی پێویست وه‌ڵامیان بدرێته‌وه‌، كورسییه‌كانی پارتی زیاد دەکات.