داهاتی دەروازەکان زیاد دەبێت

جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی هۆکاری سەرەکییە
دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران
دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەراتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان، لەم دوو مانگەی دوایی دا جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان زیادبووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، هاوکات بەهۆی رێکخستنەوەی داهاتەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، داهاتی گشتی حکومەت لە دەروازەکان زیادیکردووە.

لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، هاوردە و هەناردەی شمەک و مامەڵە بازرگانیەکان بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت، جیاواز لە هەر وەرزێکی ساڵ و لە هەرکاتێکی دیکە نەک هەر لەم دەروازەیە، بەڵکو لە گشت دەروازە سنوورییەکانی دیکە ئاستی بەرزی تۆمارکردووە، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەکانیش ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئاستی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، قۆناغەکانی چاکسازی بەگشتی و بەتایبەت لە خاڵە سنورییەکان هۆکاری ئەو بەرەوپێشچوونەیە.

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە گشتی جموجۆڵی بازرگانی زیادیکردووە و ئەو کەلوپەلەی هاوردە دەکرێت هەمەجەشنە، جوڵەیەکی باشی بازرگانی هەیە و تا دێت بەرزدەبێتەوە".

گوتیشی: "دابەشکردنی مووچە بەبێ لێبڕین، کاریگەری لەسەر بازاڕ هەیە، چونکە وایکردووە ئێستا خەڵک زیاتر شت بکڕن".

لە ماوەی رابردوودا تێبینی و رەخنە لەسەر کارەکانی خاڵە سنورییەکان هەبووە، بەڵام لە دوای هەنگاوەکانی چاکسازی کابینەی نۆیەم، رێکخستەوەو چاودێرییەکان وایکردووە کارە بازرگانیەکان و جموجۆڵەکان بە جۆرێک بگۆڕیت، قەرەبووی ئەو سستی و دابەزینەش بکاتەوە، کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا درووست ببوو.

لەوبارەوە سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بە کوردستان24ی گوت: "جموجۆڵە بازرگانییەکان لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران بەپێی رێنماییەکان بەردەوامە، بەگوێرەی یاساکان هەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانان دەکەین، بۆ ئەوەی کاروباری بازرگانان بە خێرایی رایی بکرێت".

لە هەرێمی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری فەرمی و ژمارەیەک دەروازەی سنووری نا فەرمی هەیە، لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، لە هەموو ئەو دەروازانە جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ وڵاتان بەردەوامە، هەرچەندە کۆرۆنا جموجۆڵەکانی سست کرد، بەڵام هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری رێکخستنەوەی داهاتەکان و گەشەی ئابووری وایکردووە، بەگوێرەی ئاماررەکانی بەڕێوەبەرایەتی گومرگەکان جموجۆڵەکان %20 زیاد بکات و پێشبینی دەکرێت بگاتە بەرزترین ئاست و لە ئەنجامیشدا داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان زیاد بکات.