عێراق و لوبنان هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوانیان تاوتوێ دەکەن

لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن
پاسپۆرتی عێراقی
پاسپۆرتی عێراقی

K24 – هەولێر

عێراق و لوبنان، لیژنەیەک بۆ تاوتوێکردنی هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵات پێکدەهێنن و جەختیش لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەنەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هەریەک لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەبدوڵڵا بو حەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان، لە سربیا کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان و هەڵبژاردن تاوتوێ کراون. وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە هاوکاریکردنی لوبنان کردووەتەوە لەو قەیرانانەی رووبەڕووی بووەتەوە.

هەروەها وەزیرانی دەرەوەی عێراق و لوبنان پرسی هەڵگرتنی ڤیزای نێوانیان تاوتوێ کردووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ تاوتوێکردنی پرسەکە و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.

لەو کۆبوونەوەی عێراق و لوبنان، جەختیان لەسەر زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کردووە.