فڕۆكه‌كانی توركیا ناوچه‌یه‌كی ئاكرێ بۆردومان ده‌كه‌ن

ناوچه‌كه‌ 47 كیلۆمه‌تر له‌ سنوری توركیاوه‌ دووره‌

 K24 – هه‌ولێر

كه‌مێك پێش ئێستا فڕۆكه‌كانی توركیا دؤڵی نه‌هله‌ی ناوچه‌ی ئاكرێیان بۆردومان كرد،كه‌ 47 كیلۆمه‌تر له‌سنوری نیوان هه‌رێمی كوردستان و توركیاوه‌ دوووره‌.

بۆردومانه‌كان ناوچه‌یه‌كی نزیك گوندی باكوورمانی گرتوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و جێگه‌یه‌ی بۆردومان كراوه‌ ته‌نها 4 كیلۆمه‌تر له‌و گونده‌وه‌ دووره‌.

هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا زیانه‌كانی ئه‌و بۆردوومانه‌ نه‌زانراوه‌، به‌ڵام دووكه‌ڵ له‌سه‌ر دۆڵه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بینرێت كه‌ بۆردومان كراوه‌.

به‌هۆی شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تی توركیا و په‌كه‌كه‌، ناو به‌ ناو فڕۆكه‌ و تۆپخانه‌كانی توركیا ناوچه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ بیانووی بوونی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ بۆردومان ده‌كه‌ن و له‌ ڕابردوودا چه‌ندین جار گوندنشینان و خه‌ڵكی ناوچه‌ سنورییه‌كان بونه‌ته‌ قوربانی ئه‌و شه‌ڕ و بۆردومانانه‌.