کارەساتی سرووشتی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار زیان بە ئەمەریکا دەگەیەنێت

538 کەس گیانیان لەدەستداوە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

فەرمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوە لە زەریاکان و بەرگی گۆی زەوی ئاشکرای دەکات، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا لەمساڵدا 538 ئەمەریکی گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری زیانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 18 کارەساتی سرووشتی لە ئەمەریکا روویداوە، کە زیانی هەر یەکەیان زیاتر لە ملیارێک دۆلار بووە.

بە گوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، لەم چەند ساڵەی دواییدا کارەساتەکان زیاتر و خێراتر بوونە، کە دەرفەتێکی ئەوتۆی بە وڵات نەداوە چارەسەریان بکات.

بە گوێرەی توێژنەوەیەک کە چەندین ناوەندی توێژنەوەی سەربەخۆ ئەنجامیانداوە، بە درێژایی 5 ساڵی رابردوو تێکرای روودانی کارەساتێکی سرووشتی کە زیانەکەی زیاتر لە ملیارێک دۆلارە لە 82 رۆژەوە بۆ تەنیا 18 رۆژ کورت بووەتەوە.

ئەو گرووپە ئاشکرای دەکات، زریانی ئیدا کە بەشێکی گەورەی ئەمەریکای گرتەوە، تاوەکو گەورەترین زیانی ماددی لەمساڵدا بە ئەمەریکا گەیاندووە. بە جۆرێك زیانە بەراییەکانی بە 64.5 ملیار دۆلار دەخەملێندرێت. بەوەش دەبێتە پێنجەم کارەساتی سروشتی لە ئەمەریکا دوای هەر یەکە لە کاترینا لە 2005 و هارڤی و ماریا لە 2017 و ساندی لە 2012.