لە قوتابخانەیەک 16 مامۆستا تووشی کۆرۆنا بوون

قوتابخانە 18 مامۆستای هەیە

K24 – پشدەر

لە سنووری پەروەردەی پشدەر 36 مامۆستا تووشی کۆرۆنا بوونە، تەنها لە یەک قوتابخانە 16 مامۆستا تووشبوونە.

ئاراس ئەمین پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنووری پشدەر بەناو قوتابخانەی (رێنما) لە کۆی 18 مامۆستا 16 مامۆستایان تووشی کۆرۆنا بوون و ژمارەی تووشنووانی کۆرۆنا لە هەڵکشانە".

د. ئازاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی نوێی قەڵادزێ بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەی دوو هەفتەدا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، قاوشەکان پڕبوون و رەوشەکە مەترسیدارە و خەریکە لە توانای تەندروستی دەردەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هەست بەوە دەکرێت ڤایرۆسەکە بە زوویی دەگوازریتەوە، بەداخەوە خەڵکیش بێباکە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی نوێی قەڵادزە، باسی لەوەشکرد، ژمارەیەک لە تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکەیان باری تەندروستیان ناجێگیرە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە ماوەی هەفتەیەکدا 18 کەس لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.