رۆژی 27ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر و دهۆک دەکرێت
هەڵبژاردنی یانەکانی کوردستان دواناخرێت، رۆژی 27ـی ئەم مانگە یانەکانی هەولێر و دهۆک هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز ئەنجام دەدەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک خشتەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرجەم یانەکان و مەرج و رێنماییەکانی بڵاوکردووەتەوە، کە بەگوێرەی ئەو خشتەیە رۆژی 27ـی ئەم مانگە کاتژمێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆ یانەکانی هەولێر و دهۆک هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێی کارگێڕی دەکەن.
شاکر سمۆ بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی هەڵبژاردنی یانەکان گوتی 'بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنی یانەکان دواناخرێت و سەرجەم یانەکان هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام دەدرێت و هەڵبژاردنەکانیش بەگوێرەی رێنماییەکان ئەنجام دەدرێت و رێگا بە ساختەکاریی نادرێت'.
جگە لە یانەکانی هەولێر و دهۆک کە ئەمجارە زۆرترین قسەیان لەبارەوە دەکرێت و پێشبینی هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەکرێت، رۆژی 26ـی ئەم مانگە یانەی زاخۆ هەڵبژاردنی خۆی دەکات و رۆژێک دواتریش یانەی سیروانی نوێ هەڵبژاردنەکانی دەکات.