كازمی: دۆڕاو له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا نییه‌

"متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان بۆ عێراق بەهێزتر بووە"
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

مستەفا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌یپێكرد، هەڵبژاردنەکان بە بەرزترین ئاست پلەی شەفافییەت بەڕێوەچوون، هیچ دۆڕاوێک له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا نییە.

له‌ چوارچێوه‌ی کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، كازمی لە وتارێکدا رایگه‌یاند، ئێمە بەڵێنماندا کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌ بچێت، بەبێ ئەوەی هیچ پێشێلکاریەکی ئەمنی و یاسایی تۆمار بكرێت.

راشیگه‌یاند، متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان بۆ عێراق بەهێزتر بووە، بەهۆی ئەو هەڵبژاردنه‌ی کە بە بەرزترین ئاستی پاكی و شەفافییەت ئەنجام دراو و دوور بوو لە هەر دەستتێوەردان و هه‌موو فشارێکی حکومەت.

روونیكرده‌وه‌، هەموو بەشداربووانی پرۆسەی هەڵبژاردن براوه‌ بوون، دۆڕاو له‌م پرۆسه‌یه‌دا نییە، چونکە کێبڕکێی تێدایه‌ بۆ خزمەتی عێراق.

ئاماژه‌یپێكرد، پێویستە لەگەڵ خۆمان و کۆمەڵگه‌ی عێراقی ئاشت بینەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیماندا بکەینەوە، ئەوانەی کە گله‌ییان هه‌یه‌ با پێشکەشی بکەن.

گوتی: هەموو قەوارەیەک یان کەسایەتییەک مافی ئەوەی هەیە کە داوای تێهەڵچوونەوە بکات و پێویستە کۆمیسیۆن بەجدی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکان بکات.

هۆشداریدا لە هەر هەوڵێک بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی یاسایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا.