ئه‌و یانانه‌ی له نێو یاریگه‌ی خۆیان یارییان كرد شۆك كران
وه‌رزی نوێی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان به ئه‌نجامدانی چوار یاری ده‌ستیپێكرد، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له دوایین ساتی یارییه‌كه به گۆڵێكی كوشنده یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنیان له‌م تۆمار كرد، ده‌ربه‌ندیخانیش له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی برایه‌تی شۆك كرد.
برایه‌تی ـ ده‌ربه‌ندیخان
یانه‌ی برایه‌تی له یه‌كه‌مین یاریی ئه‌م وه‌رزه له نێو یاریگه‌ی خۆی له هه‌ولێری پایته‌خت میوانداریی یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخانی كرد.
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی یارییه‌كه، به دیاریكراوی له خوله‌كی 3 شێركۆ جه‌باری به لێدانی پێناڵتی یه‌كه‌مین گۆڵی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌ی تۆمار كرد.
یانه‌ی برایه‌تی دوای چه‌ند خوله‌كێك به خێرایی وه‌ڵامی ئه‌و گۆڵه‌ی دایه‌وه و له رێگه‌ی ئامانج ئه‌كره‌م ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه.
له نیوه‌ی دووه‌م، ده‌ربه‌ندیخان دیسان بۆ دووه‌مجار له یارییه‌كه له خوله‌كی 66 ده‌ستپێشخه‌ری له گۆڵكردن كرد و له رێگه‌ی عه‌لا محه‌مه‌د گۆڵی دووه‌میان كرد.
هه‌مان یاریزان گه‌ڕایه‌وه و برینه‌كانی برایه‌تی قوڵتكرده‌وه و له خوله‌كی 77 ده‌ربه‌ندییه‌كان له رێگه‌ی عه‌لا محه‌مه‌د گۆڵی سێیه‌میان كرد.
له كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه ناوبژیوان فیكه‌ی لێدانی پێناڵتی له دژی ده‌ربه‌ندیخان لێ دا و له خوله‌كی 89 بیلال ساڵح لێدانه‌كه‌ی به سه‌ركه‌وتوویی جێبه‌جێكرد و گۆڵی دووه‌می برایه‌تی كرد، به‌ڵام ئه‌م گۆڵه نه‌بووه فریادڕه‌س و نه‌یتوانی برایه‌تی له یه‌كه‌مین شكستی ئه‌م وه‌رزه له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیان رزگار بكات.
هه‌ڵۆ ـ شه‌قڵاوه
یانه‌ی شه‌قڵاوه یه‌كه‌مین یاریی خۆی له مێژووی خولی نایابی كوردستان له‌سه‌ر یاریگه‌ی هه‌ڵۆ ئه‌نجام دا.
یانه‌ی شه‌قڵاوه له خوله‌كی 15 له رێگه‌ی هۆگر یووسف یه‌كه‌مین گۆڵی خۆیان له‌م وه‌رزه تۆمار كرد، كه یه‌كه‌مین گۆڵیان بوو له مێژووی خوله‌كه، نیوه‌ی یه‌كه‌م به‌م تاكه گۆڵه له به‌رژه‌وه‌ندی شه‌قڵاوه كۆتایی هات.
دواتر له نیوه‌ی دووه‌م شه‌قڵاوه له رێگه‌ی محه‌مه‌د سه‌ردار گۆڵی دووه‌میشی تۆمار كرد، یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به 2 گۆڵی بێوه‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی شه‌قڵاوه كۆتایی هات كه ئه‌م وه‌رزه بۆ خولی نایابی كوردستان سه‌ركه‌وتوون.
زاخۆ ـ هه‌ولێر
ئه‌م یارییه به كلاسیكۆی كوردستان ناسراوه، له یه‌كه‌مین یاریی ئه‌م وه‌رزه رووبه‌ڕووی یه‌كتربوونه‌وه، له نیوه‌ی یه‌كه‌م هیچ لایه‌ك نه‌یانتوانی تۆڕی یه‌كتربهه‌ژێنن.
دواتر له ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌م، به دیاریكراوی له خوله‌كی 51 عه‌بدولمونعیم ئه‌حمه‌د گۆڵی یه‌كه‌می ئه‌م وه‌رزه‌ی هه‌ولێری كرد.
خۆشییه‌كانی یانه‌ی هه‌ولێر زۆری نه‌برد، كاتێك له خوله‌كی 58 محه‌مه‌د سه‌بڕی گۆڵی یه‌كسانبوونی بۆ زاخۆ كرد، یارییه‌كه‌ش تا كۆتایی به یه‌كسانبوون گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.
نه‌ورۆز ـ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر
ئه‌م یارییه به درێژایی 90 خوله‌كی ماوه‌ی ئاسایی یارییه‌كه به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، به‌ڵام له خوله‌كی زیادكراوی كۆتایی یارییه‌كه، به دیاریكراوی له خوله‌كی 92، ناوبژیوان پێش ئه‌وه‌ی فیكه‌ی كۆتایی یارییه‌كه لێ بدات فه‌رهه‌نگ وریا هێرشبه‌ری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به گۆڵێكی كوشنده ئاگری نه‌ورۆزی خامۆش كرده‌وه و یه‌كه‌مین سه‌ركه‌وتنی له‌م وه‌رزه بۆ پێشمه‌رگه مسۆگه‌ر كرد.