هۆكاری رانه‌گه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌خرێنه‌ڕوو

تانە لێدان لە ھەڵبژاردنەکان لە زیاد بووندایه‌

K24- هه‌ولێر:

رانەگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن لە لایەن کۆمسیۆنەوە بۆ زۆری ئەو تانانە دەگەڕێتەوە، کە لە پڕۆسەکە دراوە، کۆمسیۆن پێویستی بەکاتە بۆ یەکلایکردنەوەی ئەو سندوقانەی کە ئەنجامەکانیان نەگەڕابوونەوە سەنتەری داتاکان.

ساڵح ھەرکی بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارێزگای ھەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: کۆی پڕۆسەکە بەیاسایی دەڕوات و جارێ کۆمسیۆن کاتی لە بەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن  رابگەیەنێت، سەرەتاش پێویستی بە یەکلاکردنەوەی سندوقەکانه‌، بۆ ئەوەی دەنگەکان ھەژمار بکات پاشان ئەنجامی کۆتایی رەوانەی دادگای فیدراڵ بکرێت.

شارەزایانی ھەڵبژاردنله‌و باوه‌ڕه‌دان، کێشە لە دواکەوتنی ئەنجامەکاندا نیە و پێویستە کۆمسیۆن سکاڵاکانیش یەکلابکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێك لایەن بە ئاسانی پێیان قبووڵ ناکرێت کە دەنگیان نەھێناوە و کورسییان کەمن، بۆیە وه‌ك هۆگر چه‌تۆ، شاره‌زای بواری هه‌ڵبژاردن جه‌ختی كرده‌وه‌، تانە لێدان لە ھەڵبژاردنەکان لە زیاد بووندایه‌.

بە پێی ئەو ئامارەی لە بەردەست رێکخراوەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردنه‌، زیاتر لە ملیۆنێك و 600 ھەزار دەنگ نەگەڕاونەتەوە بۆ سەنتەری داتای کۆمسیۆن، کە بەشێکیان فلاش میمۆریەکانیان نەگەڕاوەتەوە و بەشێکیشیان سندوقەکانیان نەگەڕاوەتەوە و بەشێکی دیكه‌ش داتاکانیان نەچووه‌تەوە بۆ سەنتەری داتاکان، بۆیە ئەم سندوقانە پێویستیان بە ھەژمارکردنەوەی دەستی و داخڵکردنیەتی لە سیستەمی داتاکان، کۆمسیۆنیش ھەوڵدەدات بە زوترین کات ئەم رێکارانە تەواو بکات، تا ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنێت.

H.B