هه‌وڵی لابردنی كۆسپه‌كانی به‌رده‌م كۆكردنه‌وه‌ی داهات و باج ده‌درێت

تا ئێستا ته‌نها 25%ی باج و داھاتەكان دەگەرێنەوە خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت

K24- هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری گشتی باج لە ھەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئاستەنگی جۆراوجۆ لە بەردەم كۆكردنەوەی داھات و باجەكان ھەن، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها گوتی: تا ئێستا به‌ڕێژه‌ی 25%ی باج و داھاتەكان دەگەرێنەوە خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت.

كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج ئاشكرای كرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای سلێمانی گفتوگۆیان كردووە، بۆ ئەوەی لەمەودوا داھاتەكان بە شێوەیەكی دروست كۆبكرێنەوە و بگەڕێنرێنەوە خەزێنەی گشتی حكومەت و دواتر لەبەرژەوەندی گشتی بەكاربھێندرێت.

وه‌ك محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستانیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، یەكێك لە چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كۆكردنەوەی داھات و خەرجیەكانه‌ بە یەكسانی، ئەمەش بووەتە ھۆی زیادكردنی سەرچاوەكانی داھات، داواش دەكرێت ئاستەنگە سیاسیەكان بۆ كۆكردنەوەی داھاتەكان لابدرێن و لایەنە سیاسییەكان ھاوكار بن.

یەكێك لە تەوەرەكانی دوایین كۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بوو بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و رێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی چەندین راسپاردە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە پێناو بەکارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە. لە سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆك رێنمایەكان وەك خۆیان جێبەجێ دەكرێن رێكاریش گیراوەتە بەر، بۆ ئەوەی لە سنووری پارێزگای سلێمانیش وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن.

H.B