نێچیرڤان بارزانی و پلاسخارت: هه‌ر تانه‌یه‌ك له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن هه‌بێت پێویسته به رێكاری یاسایی یه‌كلا بكرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ جينين پلاسخارت نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له عێراق، دوێنێ له هه‌ولێر كۆبووه‌وه.
سایتی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌نجامه‌كانى، دۆخى عێراق به‌گشتى و پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له وڵات، تاوتوێ كراون.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه، هه‌ردوولا هيوايان خواستووه ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، دامه‌زراندنى حكوومه‌تێكى لێ بكه‌وێته‌وه، كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى خواست و هيوا و چاوه‌ڕوانييه‌كانى ته‌واوى پێكهاته‌كان بێت و ئارامى و سه‌قامگيرى و خزمه‌تگوزارى بۆ عێراقييه‌كان دابين بكات، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه پێويسته هه‌ر تانه و تێبينييه‌ك له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن، به رێكاره ياسايييه‌كان يه‌كلا بكرێنه‌وه.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شكراوه، نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و ده‌ستخۆشى له پلاسخارت و نێرده‌ى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له عێراق (يونامى) كردووه بۆ رۆڵى به‌رچاويان له چاودێريكردنى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و يارمه‌تيدان و پشتگيريكردنى عێراق.