هێڵی فڕۆکەوانیی ئه‌لئیتاڵیا کۆتایی هات

دوای ئەنجامدانی دواگەشتی، یادگارییەکانی ئەلئیتاڵیا تەنیا لە ئەرشیڤەکاندا دەمێنێتەوە
هێڵی فڕۆكه‌وانیی ئه‌لئیتاڵیا كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا
هێڵی فڕۆكه‌وانیی ئه‌لئیتاڵیا كۆتایی به‌ كاره‌كانی هێنا

K24 – ئه‌وروپا:

دوای 74 ساڵ هێڵی فڕۆکەوانیی ئەلئیتاڵیا، رۆژی 14ی ئۆکتۆبەر لە فڕۆکەخانەی کالیاری بۆ رۆما فیومیچینۆ دوا گەشتی ئەنجامدا و کۆمپانیای هەڵگری ئاڵای ئیتاڵیا، کۆتایی بە خزمەتگوزاری فڕین هێنا و ناوەکەشی بەتەواوی سڕایەوە.

کاپتنی فڕۆکەکە "ئاندرێیا جۆیا"، پێش فڕین بە گەشتیارانی راگەیاند، ئەم گەشتە جیاوازە لە هەموو ئەو گەشتانەی پێشتر ئەنجامدراوە، لەبەر ئەوەی دوا فڕینی هێڵی فڕۆکەوانی ئەلئیتاڵیایە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "هەندە خەمبارین وەک ئەوەیە بۆ جاری دووەم باوکم مردبێتەوە''، یەکێک لە کارمەندانی تیمی فڕۆکەوانیەکە گوتویەتی: ''بەڕاستی سەختە، ناخۆشترین رووداو بوو لەژیانمدا روویدابێت، ژیان و تەمەنمان لەگەڵ ئەلئیتاڵیا گەوەرەبوون''.

سه‌رچاوه‌ میدیاییه‌كانی ئیتاڵیا بڵاویانكرده‌وه‌، کۆمپانیای ئیتاڵیای گواستنەوەی فڕۆکەوانی ((ITA – Italia Trasporto Aereo، ناوی ئەو کۆمپانیا نوێیەیە، کە جێگەی "ئەلئیتاڵیا" دەگرێتەوە، ئەلئیتاڵیا کۆتایی بەکارەکانی هێنا، پێش کۆتاییهاتنی کارەکانیان، ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان 90 ملیۆن بەکارهێنەری هەبوو، 52 فڕۆکە و 2800 کارمەندی هەبووه‌.

گەشت و سیمبۆلی گەشتەکان وەک پێشتر (AZ) دەمێنێتەوە، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا، جل و بەرگی تیمی فڕۆکەوانی و رەنگی کورسی و ناو فڕۆکەکان گۆڕانکاریان بەسەردا بێت.

هێڵی فڕۆکەوانی ئەلئیتاڵیا، سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ئیتاڵیا بوو، ناوەندی فڕین و فڕۆکەکانی، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لێیۆناردۆ داڤینچی – رۆما بوو، لە 8ی حوزەیرانی ساڵی 1946 وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا و کۆمپانیای فڕۆکەوانی بەریتانیا گەیشتنە رێكکەوتنێک بۆ دروستکردنی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی سڤیل، کە لە ئیتاڵیا و وڵاتانی دیكه‌ش کار بکات، لە 5ی مایسی ساڵی 1947 یەکەم گەشتی ئەلئیتاڵیا لە شاری تۆرینۆ بۆ رۆما دەستی بە گەشتەکانی کرد.

لە مانگی تەممووزی ساڵی 2001 بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە بەشێکی فرۆشتووه‌ بە کۆمپانیای سکای تیم و هەندێک نوێکاری كرد و فڕۆکەکانی بۆینگ 747 گۆڕان بۆ بۆینگ 777 و کارەکانیان بەردەوام بوو تا ساڵی 2007.