یانەی هەولێر لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق کلیلی بردنەوەی ون کردووە

پێکهاتەی سەرەکی یانەی هەولێر لە یارییەکە
پێکهاتەی سەرەکی یانەی هەولێر لە یارییەکە

یانەی هەولێر لەم گەڕەش نەیتوانی لە خولی نایابی عێراق بردنەوە بەدەست بهێنێت، لە یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ نەجەف یەکسان بوو.

لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی عێراق، یانەی هەولێر بە راهێنەرایەتی ئەحمەد موناجد کە بەشێوەیەکی کاتی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی گرتووەتە ئەستۆ، میوانداریی نەجەفی کرد، لە نیوەی یەکەم کۆفی فرانکۆ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و هەولێر بە 10 یاریزان درێهەی بە یارییەکە دا.

هەولێر سێیەم یەکسانبوونی لەم وەرزە لە خولەکە تۆمارکرد و لە کۆی چوار یاریی هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە تەنیا سێ گۆڵێ کردووە و چوار گۆڵیشی لێکراوە، بە کۆکردنەوەی سێ خاڵ بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی چواردەمی خولەکە دێت.

یانەکەی قەڵا و منارە رۆژی پێنجشەممە لە گەڕی پێنجەمی خولەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی دیوانییە.