پێشانگهی "هەڵەبجە لە رۆژانی زێڕینیدا" دهكرێتهوه
K24 – ئهوروپا:
رێکخراوی گوڵان لە بەریتانیا، لە کاتێدراڵی پۆرتسمس، کە مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ 800 ساڵ، لە شاری پۆرتسمس پێشانگایەکی هونەری بەناوی "هەڵەبجە لە رۆژانی زێڕینیدا"، بەئامادەبوونی "کاروان جەمال تاهیر"، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و رەوەندی کوردی و کۆمەڵێکی زۆر لە کەسایەتی شاری پۆرتسمس و ئەندامانی ماڵی کورد لە پۆرتسمس کرایەوە.
دڵگەش موراد، بەڕێوەبەری رێکخراوی گوڵان بە کوردستان24ی راگەیاند، هەڵبژاردنی شاری پۆرتسمس بۆ کردنەوەی ئەم پێشانگەیە لە دوو ئامانجدا خۆی دەبینێتەوە، یەکەمیان بوونی میمۆریاڵێک بۆ شاری هەڵەبجە، کە ئەمەش زیاتر بووهتە ناساندنی هەڵەبجە بە خەڵکی ئەم شارە، لەم رێگهیەشەوە ناساندنی بەو کەسانەی وەک گەشتیار سەردانی ئەم شارە دەکەن. ئامانجی دووەم، بوونی رەوەندێکی کوردی زۆر، کە زۆربەیان خەڵکی شاری هەڵەبجەن و بوونەتە پردێک بۆ گواستنەوەی کولتووری کوردی لەم شارەدا.
کردنەوەی پێشانگەکە بیرۆکەی خاتوو "دڵگەش موراد" بووە و ئامادەکاری بۆ کراوە، بەڵام لەبەر پاپەندبوون بە رێنماییەکانی پەتای کۆرۆنا، پیشانگەكه دواخرا.
دڵگەش مراد ئاماژهی بهوه كرد، لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا توانرا بابەتی پێشانگەكه لە ناو گۆڤارێکی هەمەڕەنگدا بڵاوبکەینەوە. گۆڤارە بریتییە لە کۆمەڵێکی زۆر زانیاری و وێنە لەسەر مێژووی هەڵەبجە و دیداری زۆر تایبەت لەگەڵ کەسایەتیەکانی شاری هەڵەبجە، کە هەریەک باس لە بەسەرهات و مێژووی هەڵەبجە، لە بواری ئەدەب، موزیک، شیعر، وەرزش و هونەری شێوەکاری و چەند باسێکی مێژووی و گرنگی ناوچەکە دەکەن.
پێشانگای "هەڵەبجە لە رۆژانی زێڕینیدا"، 13 هونەرمەندی نیگارکێش (ژوان ئەبوبەکر، سۆنیا ئەحمەد، نەوشیروان عەلی، مەریوان جەلال، مەحموود حەیدەر، عەبدولرهحمان میرزا، ئاری میرزا، هەڤاڵ نالی، شانیا شاهیر نوورەدین، ئاودێر عوسمان، موحسین پیرۆ، بەفرین رەشید و رێبوار سەعید) بەشداریان تێدا کردووە.
"دڵگەش مراد"یش کۆمەڵێک نمایشی جلی کوردی لەو پۆشاکە کوردیانەی مێژوویەکی تایبەتیان هەیە و تایبەتن بە خەڵکی هەڵەبجە و ناوچەکە نمایشکران و بەشێکی گۆڤارە چاپکراوەکە، لەسەر دیوارەکان بە چاپێکی گەورە دانراوەتەوە و لە ناوەڕاستی کاتێدراڵەکەدا کە شوێنی نزا و پاڕانەوەیە ئینستلەیشنێک لەلایەن هونەرمەند "مەریوان جەلال"ەوە بە بەرزایی شەش مەتر لە بۆشایی هۆڵەکەدا نمایش کراوە.
کارەکان هەریەکەیان گوزارشت لە چیرۆک و سەرگوزشتەی شاری هەڵەبجە دەکەن. تیمی رێکخەری پێشانگاکە بریتی بوون لە سارا پۆنسیۆز، ریچارد وێڵدین، دڵگەش موراد و مەریوان جەلال. پێشانگاکە تا رۆژی 4ی نۆڤهمبهری 2021 بەردەوام دەبێت.