هیچ لایەنێکی عێراقی بە تەنیا ناتوانێت به‌ كابینه‌ی نوێ پێكبهێنێت

بۆ پێکهێنانی حکومەت لایه‌نه‌كان پێویستیان بە گفتوگۆ و دانووستانە
جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هەڵبژاردنی عێراق 2021
جیاكردنه‌وه‌ و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هەڵبژاردنی عێراق 2021

K24 - هه‌ولێر:

ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق 329 کورسییە، تا ئێستا رەوتی سەدر زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، کە زیاتر لە 70 کورسییە، بەڵام بۆ پێکهێنانی حکومەت هێشتا پێویستی بە گفتوگۆ و دانووستانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بەتایبەت لەگەڵ کوتلەی تەقەدوم و کوتلە کوردستانییەکان، دیارترینیان پارتی دیموکراتی کوردستان، کە زۆرترین کورسی لایەنە کورستانییەکانی بەدەستهێناوە.

ئەنجامە بەراییەکان راگەیاندران و تا رادەیەکی زۆر براوەکانی هەڵبژاردن دیارن، کە کام رەوت و لایەنی سیاسین، لە عێراق رەوتی سەدر یەکەمە و لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەسەر بنەمای ئەم پێوەرە پارتی لایەنێکی دیار و کاریگەری پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق دەبێت.

ساڵح عومەر، چاودێری سیاسی گوتی: هاووڵاتیانی كوردستان به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ، متمانه‌یان به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌خشی، ئه‌وه‌ی تا ئێستا دیاره‌، پارتی 33 كورسی په‌رله‌مانی هه‌یه‌، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ كورسی كه‌متریان له‌ پارتی هێناوه‌، بۆیه‌ ئه‌ركێكی زیاتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شان تا به‌شدار بێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق".

بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، گەورەترین کوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام ژمارەی کورسییەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە هیچ لایەنێکی سیاسی عێراق نەیتوانیوە زیاتر لە 165 کورسی بباتەوە، بۆیە ناچارن بەوەی هاوپەیمانێتی بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت.

مەحەمەد شەهاب، پسپۆڕی یاسایی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌ پێی یاسا ده‌بێت زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان متمانه‌به‌ حكومه‌تی نوێ ببه‌خشن، بۆ ئه‌مه‌ش داوا له‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی ده‌كرێت حكومه‌ت پێكبهێنێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و كوتله‌یه‌ نه‌یتوانی، ئه‌و داوای له‌ كوتله‌ی دیكه‌ ده‌كرێت".

ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق 329 کورسییە، تا ئێستا رەوتی سەدر زۆترینی بەدەستهێناوە کە زیاتر لە 70 کورسییە، بەڵام بۆ پێکهێنانی حکومەت هێشتا پێویستی بە گفتوگۆ و دانووستانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەتایبەت لەگەڵ کوتلەی تەقەدوم و کوتلە کوردستانییەکان دیارترینیان پارتی دیموکراتی کوردستان.