کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: کۆتای ژنان هەندێک پارێزگا ناگرێتەوە

لە هەندێک پارێزگا کاندیدانی ژن بە دەنگی خۆیان دەرچوون
بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی - فۆتۆ: دانا حەمە غەریب
بنکەیەکی دەنگدان لە سلێمانی - فۆتۆ: دانا حەمە غەریب

K24 - هەولێر

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد، کۆتای ژنان ئەو پارێزگایانە ناگرێتەوە، کە ژنان بە دەنگی خۆیان دەرچوون.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "کۆمسیۆن پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان، بۆیە لەو پارێزگایانەی ژنان توانیوویانە 25٪ی نوێنەرایەتی بە دەنگی خۆیان بەدەست بێنن کۆتا نایانگرێتەوە".

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تا ئێستا 97 ژن بە دەنگی خۆیان و کۆتا لە هەڵبژاردندا سەرکەوتوون.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو، کۆمسیۆن ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاندووە، بڕیاریشە لە ماوەی کەمتر لە مانگێک ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت.