356 سکاڵا لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گەیشتووەتە کۆمسیۆن

"بەدواداچوون بۆ تانە و سکاڵاکان دەکرێت"
دەنگدان
دەنگدان

K24 - هەولێر

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، 356 تانە و سکاڵایان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە.

حەسەنەین لەیس، بەرپرسی بەشی سکاڵاکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆمسیۆن 356 تانە و سكاڵای لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەدەست گەیشتووە، کە 329 تانەیان لە  دەنگدانی گشتی و27ی دیکەشیان لە دەنگدانی تایبەت بووە.

بەرپرسی بەشی سکاڵاکان گوتیشی "تانە و سکاڵاکان بەسەر سوور و سەوز دابەشکراون، تەواوی تانە و سکاڵاکان لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت".

لە 10ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، هەندێک لەلایەنەکان جەخت لەسەر پاک و بێگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکەنەوە. لەبەرامبەریشدا، بەشێکی دیکەی لایەنەکان پێیانوایە، کۆمسیۆن لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبووە.