لە شەڕەکەی دوو بنەماڵەی سۆران، کەسێک بەبێ لێدان گیانی لەدەستدا

نزیکەی 10 کەس دەستگیر کراون
ئەو کەسەی لە شەڕی دوو بنەماڵەی سۆران گیانی لەدەستدا
ئەو کەسەی لە شەڕی دوو بنەماڵەی سۆران گیانی لەدەستدا

K24 – سۆران

شەوی رابردوو لە گەڕەکێکی قەزای سۆران، شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا، بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە، پۆلیس دەڵێ "ئەو کەسە هیچی بەرنەکەوتووە و کاتێک گیانی لەدەستداوە".

موقه‌ده‌م شەمال دێواری، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە کوردستان24ی راگەیاند: "شەوی رابردوو لە گەڕەکی بەختیاری قەزای سۆران، شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵە روویدا، بەو هۆیەوە کەسێک بە ناوی (ش. م) لە دایکبووی 1955 گیانی لەدەستدا".

روونیکردەوە: "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، هیچی بەر جەستەی نەکەوتووە، بەڵام پێشتر نەخۆش بووە و نەشتەرگەری (فتح صدر)ی بۆ کراوە، گومان دەکرێت گیان لەدەستدانی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بووبێت، لە پزیشکی دادی پشکنینی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی دیاربکرێت، بەڵام هێشتا راپۆرتی پزیشکی دەرنەچووە".

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، راشیگەیاند: "ئەو کەسانەی لە هەردوو بنەماڵەکە بەشداریان لە شەڕەکە کردووە نزیکەی 10 کەس دەبن، هەموویان دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت".

باسی لەوەشکرد: "ئەو دوو بنەماڵەیە پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتی، لەنێوانیان هەبووە و ئێستا بەهۆی دەمەقاڵەی نێوانیان کێشەکەیان نوێ کردووەتەوە".