چوار ساڵ بەسەر خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێت

بووە هۆکاری لە دەستدانی 51%ی خاکی کوردستان
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوار ساڵ بە سەر خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا تێدەپەڕێت، ئەو خیانەتەی بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگە و هاووڵاتیانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جیا لەو زیانە مادییانەی بەر هاووڵاتیانی کورد کەوت لەو ناوچانەی کە داگیرکران، زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە تاوەکو ئێستا بەشێکیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و قەرەبووش نەکراونەتەوە.

گریانی پێشمەرگەیەکی کوردستان لەو رۆژەدا، کە فرمێسک و هەناسە ساردی لە خەمی ئەو خیانەتەی بووە هۆکاری لە دەستدانی 51٪ی خاکی کوردستان تێکەڵبوون، ئەو پارچەیەی نیشتیمان کە لە شەڕی داعش بە خوێن و قوربانیدانی هەزاران پێشمەرگە لە چنگی چەکداران رزگارکرابوون و پارێزگاریان لێدەکرا.

ئەمڕۆ چوار ساڵ بە سەر رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا تێدەپەڕێت کە گرووپێکی ناو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بە رێککەوتن لەگەڵ گرووپە ملیشیاکانی عێراق دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن و بووە هۆی پەلاماردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەو رۆژەدا شاری کەرکووک و خورماتوو و خانەقین و رووبەرێکی بەرفراوانی کوردستان لەلایەن گرووپە میلیشیاکان و بە پشتیوانی لایەنی دەرەکی دەستیان بەسەردا گیرا.

لە 16 ئۆکتۆبەردا سەدان هاووڵاتیی شەهید و بریندار بوون و نزیکەی 200 هەزار کەسیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە بەشێکی زۆریان تاوەکوو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەمە جیا لەوەی بەشێکی زۆر لە خانوو و ماڵی هاووڵاتیانی کورد تەقێندرانەوە و سووتێنران، بەپێی ئاماری رێکخراوی جەماوەری خورماتوو لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 رۆژانی دواتری، 88 خانوو تەقێنراونەتەوە، زیاتر لە 300 ماڵیش سووتێنراون و نزیکەی دوو هەزار و 500 ماڵ تاڵانکراون، دوو بازاڕی گەورەی قەزاکەش بەتەواوی دوای تاڵانکردنیان، سووتێنراون.

هەروەها لە شاری کەرکووك و چەند ناوچەیەکی دیکەدا بارەگای پارتە سیاسییەکان، بە تایبەت بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تاڵانکراو دواتریش سووتێندران.

دوو رۆژ دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، کۆسرەت رەسوڵ عەل، ‎سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان، کە ئەو کات جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بوو، لە پەیامێکدا رایگەیاند" ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە".

بەڵام پێشمەرگەی کوردستان لە 20 ئۆكتۆبەری 2017 دا لە پردێ و سحێلا سنوورێکی لەبەردەم هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی داناو داستانێکی خۆڕاگریی و مێژوویان تۆمارکرد، کۆتاییان بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هێنا.

ئەمڕۆ کە چوار ساڵ بەسەر ئەو خیانەتە مێژووییەدا تێدەپەڕێت، تاوەکوو ئێستا نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە لیژنەکانی بەدواداچوونی راستییەکانی ئەو نەهامەتییەی بە هۆکاری کارەساتەکانی ئەو رووداوە بێدەنگیان لە ئاستی زیانە گیانیی و مادییەکانی گەلی کوردستان لەو ناوچانە نواندووە، بەڵام دواجار هاووڵاتیانی کورد ئەو بێدەنگییەیان شکاندو لە 10ی ئەم مانگە لە دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق تۆڵەیان کردەوەو دەنگیان بەوانە نەدا کە دەستیان لەو خیانەتەدا هەبوو و سزایاندان.