تەیموری ئەنفال سوپاسی سەرۆکی حکومەت دەکات

"سەرۆکی حکومەت بڕیاریداوە مووچەیەکی تایبەتی مانگانە بۆ رزگاربووانی ئەنفال دیاربکرێت"
تەیموری ئەنفال
تەیموری ئەنفال

K24 – هەولێر

تەیموری ئەنفال، یەکێکە لە رزگاربووانی ئەنفال رایدەگەیەنێت "سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بڕیاریداوە مووچەیەکی تایبەتی مانگانە بۆ رزگاربووانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەنفال دیار بکرێت".

تەیموری ئەنفال، لە راگەیەندراوێکدا نووسیویەتی: "لە پاش هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر توانیم مووچەیەکی 1،200،000  دینار، بۆ رزگاربووانی گۆڕی بە کۆمەڵ جێبەجێ بکەم، هەرچەندە پێشووتر بڕیارێکی لەم جۆرە هەبوو، بەڵام فەشەلی پێهێنرابوو، هیچ وەختێک نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام ئەم بڕیارەی ئێستا بڕیارێکی تازەیە و جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێزدار مەسرور بارزانی جێبەجێی کردووە".

دەشڵێت: "من وەک تەیموری ئەنفال تاکە رزگاری بووی گۆڕی بە کۆمەڵی ژن و منداڵە ئەنفال کراوەکان و بە نوێنەرایەتی رزگاربووانی ئەو تاوانە زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  دەکەم،و هەر وەها سوپاسی خاتوو کوێستان محەمەد وەزیری کار دەکەم، ئەم کارەیان بەرز دەنرخێنم".