پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كان گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌كات

پارتی: گفتوگۆكانمان له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و مافه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌بێت
پارتی وه‌ك براوه‌ی هه‌ڵبژاردن گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌كات
پارتی وه‌ك براوه‌ی هه‌ڵبژاردن گفتوگۆی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی عێراق دەستیان پێکردووە و بەرنامەی گفتوگۆی پارتیش لە چوارچێوەی دەستوور و مافەکانی گەلی کوردستان دەبێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەلایه‌ن پارتیییه‌وه‌ بڕیاردان ئاسانە، لەبەر ئەوەی شاندەکە بگەنە هەر گفتوگۆیەک دواجار سەرۆک بارزانی مەرجەعە و بڕیاری کۆتایی دەدات.

ئێستا زۆربەی لایەنە سیاسییەکان دەزانن لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی کورسیەکانیان چەندە و پێگەیان لە حکومەتی داهاتوودا چۆن دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان گفتوگۆیان دەستپێکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکومەتی داهاتووی عێراق، شاندێکی لە مەکتەبی سیاسی پێکهێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، دواجاریش سەرۆک بارزانی بڕیاری کۆتایی دەدات، دیاری حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئاشكرای كرد، پێکێهنانی حکومەت درێژە دەکێشێت و شاندی پارتی  بگاتە هەر رێککەوتنێک، دوا بڕیار  لای سەرۆک بارزانی دەبێت، بەرنامەی پارتیش بۆ دانووستان جێبەجێکردنی دەستوور و مافەکانی گەلی کوردستانە.

هەموو لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردن، جگە لە بەدەستهێنانی زۆرترین و گەورەترین پۆست لە گفتوگۆکاندا مەرجیان دەبێت، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان کە شایستە داراییەکان و ماددەى 140 و جێبەجێکردنی دەستوور و بەشداری راستەقینە دەکاتە مەرجی گفتوگۆ، بەهۆی ژمارەی کورسیەکانیشی دەتوانێت مەرجەکانی بسەپێنێت.

کەریم کاوە، چاودێری سیاسی روونیكرده‌وه‌، پێویسته‌ شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ بابه‌تی گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و پارتیش ئاماده‌كاری بۆ ئه‌مه‌ كردووه‌ و ده‌یه‌وێت مافه‌كانی گه‌لی كوردستان پراكتیزه‌ بكرێن.

پێکێهێنانی حکومەتی عێراق دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت، دواتر گەورەترین کوتلە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجەکانی بۆ بەشداری حکومەت دیارن، بەهۆی ژمارەی کورسیەکانیشی دەتوانێت مەرجەکانی لە دانووستانەکان جێگیر بکات و ببێتە بنەمایەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.