شڤان پەروەر و زارا پاشا لەسەر چیاکانی رووسیا گۆرانی بۆ کوردستان دەڵێن

زارا پاشا: لە هەرکوێ بین دەبێت نیشتیمانمان لە یاد بێت
kurdistan24.net

K24 - مۆسکۆ

ھەردوو ھونەرمەندی ناوداری کورد شڤان پەروەر و زارا پاشا، یەکەم دوێتی کوردی لە رووسیا کلیپ دەکەن، گۆرانی (وڵاتێ من) یەکەمین کاری ھاوبەشی هونەرمەندان شڤان پەروەر و  زارا پاشایە، گۆرانییەکە ھەست و ھەژانێکی قوڵە بۆ کورد و کوردستان، کلیپەکە لەسەر چیاکانی قەوقاسی رووسیا، بە ئامادەبوون و ھاوکاری تیمی میدیایی کوردستان24 کاری وێنەگرتنی بۆکراوە و بەم نزیکانە بڵاودەکرێتەوە.

لەبارەی یەکەم بەرهەمی هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند شڤان پەروەر، زارا پاشا مەحۆی، خانمە هونەرمەندی کوردی رووسیا بە کوردستان24ی راگەیاند: "شانازی بەم بەرهەمەوە دەکەم، لەگەڵ شڤان پەروەری مەزندا گۆرانی دەڵێم، ئەو دەنگی منداڵیمە، دەنگی گەلەکەمە، شانازییەکی گەورەیە پێکەوە دوێت دەکەین، بەبڕوای من گۆرانییەکی نایابمان بەناوی (وڵاتی من) تۆرمار کردووە. گۆرانییەکە باس لە خۆشەویستی وڵات و نیشتیمان، خۆشەویستی گەل، خەمە کەسییەکان دەکات، دەمەوێت بڵێم جوانی گۆرانیەکە لەوەدایە، کە لای گەلانی جیاواز ھەمان ھەست و ھەژان دەبزوێنێ. پاش تۆمارکردنی دەنگ، بڕیارماندا کلیپی بۆ بکەین، هیوادارم بە دڵی هەمووان بێت، کاری وێنەگرتنی کلیپەکەمان لە چێرکێسیا ئەنجامداوە، چونکە سرووشتەکەی کوردستانم بیردەخاتەوە. تێکستی گۆرانیەکە لە لایەن تارا مەمێدەڤەوە نووسراوە و یاسمین لێڤی-ش کاری میوزیکی بۆ کردووە".

زارا گوتیشی: " ئێمە لە هەرکوێ بین دەبێت نیشتیمانمان لە یاد بێت، من دەمێک بوو دەمویست ئەلبومێک بە زمانی کوردی تۆمار بکەم، ئەو ئەرک و قەرزە بە خانەوادە و گەلەکەم بدەمەوە، بەوپێیەی لە 12 ساڵییەوە گۆرانی دەچڕم، خەونم ئەوە بوو کە بە زمانی دایک گۆرانی بڵێم، گرنگ ئەوەیە گۆرانی لە دڵ و رۆحەوە بڵێین نەک تەنها لەبەر ئەوەی کە کوردین، سێ ساڵ پێش ئێستا من یەکەم گۆرانیم بە کوردی تۆمار کرد، لە تەواوی دنیاوە دەستخۆشیم لێکرا. بێگومان رەخنەشم لێگیرا، بەتایبەت لەسەر شێوازی دەربڕینی وشەکان. بەداخەوە چارەنووسی ئێمە وەهایە کە بە تەواوی دنیادا بڵاوبووینەتەوە، بۆیە شێوەی دەربڕینمان جیاوازە".

شڤان پەروەر بە گۆرانی و سروودە نیشتیمانییەکانی، بەردەوام گەلەکەی بۆ خەبات هاندەدات، ئێستاش بەم بەرھەمە نوێیە پەیامی ھەیە. 

شڤان پەروەر، بە کوردستان24ی گوت: "ئەو هونەرمەندانەی لەناو خەڵک ناسراون و بەرهەمێکی نوێ دەکەن، دەبێ خەڵکیش لێی سوودمەند بێت، ئێمەش وەک گەلانی دیکە خاوەن کولتوور و ئەدەب و فەرهەنگی خۆمانین و شانازی پێوەدەکەین، پێویستە هەموو هونەرمەندانی کورد بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان تێبکۆشن".

گۆرانی وڵاتێ من، یەکەمین دوێتی هونەرمەندان شڤان پەروەر و  زارا پاشایە، گۆرانیەکە ھەست و ھەژانێکی قوڵە بۆ کورد و کوردستان، کلیپەکە لەسەر چیاکانی قەوقاسی رووسیا، بە ئامادەبوون و ھاوکاری میدیایی کوردستان24  کاری وێنەگرتنی بۆکراوە و بەم نزیکانە بڵاودەکرێتەوە.