پارتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستپێدەکات

پارتی سەردانی لایەنەکان ھەرێمی كوردستان دەكات
ئاڵای پارتی و ئاڵای کوردستان
ئاڵای پارتی و ئاڵای کوردستان

K24 - هەولێر

 بڕیارە بەمنزیكانە شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان بكات و پرسی پێكھێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و یەكریزی لایەنە سیاسییەكان تاوتوێی بكەن.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند "پارتی ھەرچەندە براوەی ھەڵبژاردن بێت، بەڵام بەردەوام خەمی یەك ریزی و یەكدەنگی کوردیەتی، بۆ ئەم مەبەستەش شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی لایەنەسیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئاماژەی بەوەشدا: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیش بانگێشتی لایەنە براوەكانی ھەڵبژاردن دەكات".

لە بارەی پۆستی سەرۆك كۆمار بڵند ئیسماعیل، گوتی: "پۆستی سەرۆك كۆمار بە دڵنیایەوە بۆ كورد دەبێت، گرنگ نییە لەنێو لایەنە سیاسییەكان بۆ كام لایەن دەبێت، بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان یەکلا دەکرێتەوە و نابێت لە شوێنی دیكەوە ئەو پۆستە بدرێتە لایەنێكی سیاسی، وەك چۆن شیعە و سوننەكان خۆیان كاندید دیار دەكەن".