هاوپه‌یمانی فه‌تح: ئه‌گه‌ر سه‌در له پێكهێنانی حكومه‌ت سه‌ركه‌وتوو بوو له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌بینه ئۆپۆزسیۆن

K24- هه‌ولێر:
ئه‌حمه‌د كینانی، په‌رله‌مانتاری پیشووی هاوپه‌یمانی فه‌تح، كه له‌لایه‌ن هادی عامری، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌دره‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ره‌وتی سه‌در له پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو سه‌ركه‌وتوو بوو، ده‌كرێت ئه‌وان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی ببنه ئۆپۆزسیۆن و ئه‌و ئه‌گه‌ره له‌به‌رده‌میان كراوه‌یه.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا كینانی گوتی: كوتله‌ی سه‌دری سه‌ر به لایه‌نی شیعه براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی دیكه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن كورد و سوننه به‌لای خۆیاندا رابكیشن و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هێزه سیاسییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه رێكبكه‌ون، سه‌رۆك وه‌زیرانیێك هه‌ڵبژێرن، كه به‌لای هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه په‌سه‌ند بێت.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی كورد و سوننه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناو ماڵی شیعه‌دا له‌باره‌ی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله و سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران ده‌گوزه‌رێت، كینانی گوتی: هه‌ڵوێستی كورد و سوننه له‌و باره‌یه‌وه روون و ئاشكرایه و ده‌ستوه‌ردان له بابه‌ته‌كه‌دا ناكه‌ن.
هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه، پێویسته پێكهێنانی حكومه‌ت ته‌وافوقی لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر بێت.
كینانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌گه‌ر كوتله‌ی سه‌در توانی له پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ كورد و سوننه سه‌ركه‌وتوو بێت، له‌وانه‌یه بتوانێت حكومه‌ت پێكبهێنێت، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌كرێت هاوپه‌یمانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسای ئۆپۆزسیۆنبوون هه‌ڵبژێرن و گوتی: "دوور نییه ئه‌و سیناریۆیه‌ش ببینین".
به‌گوێره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ره‌وتی سه‌در توانی 73 كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستبهێێت و ببێته گه‌وره‌ترین كوتله‌ی براوه، دوای ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی یاسا 37 كورسیی به‌ده‌ستهێناوه.
چاودێرانیش ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره كه ره‌وتی سه‌در توانی تێیدا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌ده‌ستبهێنێت، هانی كوتله شیعه‌كان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر هه‌وڵی یه‌كگرتنه‌وه و ته‌وافوق بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن گه‌وره‌ترین كوتله پێكبهێنن.
له‌و باره‌یه‌وه محه‌مه‌د عگێلی، تویژه‌ری سیاسی گوتی: وێڕای ئه‌وه‌ی كوتله‌ی سه‌دری براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویستی به دروستكردنی هاوپه‌یمانییه له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی دیكه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كوتله‌یه‌ك به‌و قه‌باره‌یه پێكبهێنێت، كه توانای پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌بێت.
H.B