شاندێکی پارتی گەیشتە سلێمانی

کۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد
کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان - سلێمانی - فۆتۆ: پییوکەی میدیا
کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان - سلێمانی - فۆتۆ: پییوکەی میدیا

K24 - سلێمانی

کەمێک پێش ئێستا شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەکتەبی سیاسی گەیشتە سلێمانی و  لەلایەن بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی یەکێتی پێشوازیان لێکرا. دواتر کۆبوونەوەی شاندی پارتی لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستیپێکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، شاندی پارتی و شاندی یەکێتی لەو کۆبوونەوەیاندا گفتوگۆ لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق و یەکڕیزی کورد لە بەغدا دەکەن.

شاندی پارتی پێكهاتووە لە فازڵ میرانی سكرتێری مەکتەبی سیاسی، مەحموود محەمەد، عارف تەیفور ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، عەلی حوسێن و دڵشاد شەهاب ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، شاندی یەکێتیش لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، شاڵاو عەلی عەسکەری، ئاسۆ مامەند، بورهان سەعید سۆفی، ئەمین بابە شێخ پێکهاتووە.

پەیامنێرمان راشیگەیاند، شاندی پارتی دەیەوێت پەیامی یەکڕیزی کورد لە بەغدا لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ بکات. هەروەها دەیەوێت ئەو دۆخە ئاسایی بکاتەوە، کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەکان هاتووەتە ئاراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندی پارتی لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و حزبی سۆسیالیست دیموکرات کۆبووببێتەوە.