پەروەردە لەسەر بنەمای زانستی و یەکسانی

Kurd24

نیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە و پێویستە هەموومان دەستخۆشیی لێبکەین. بێگومان ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و گۆڕانکارییەکان ئاسان نین. بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بھێنرێتە سەر رێگای راستی خۆی پێویستە چەند زووە كار لەسەر دوو تەوەری سەرەکی بكرێت: یەکەمیان ژێرخانی قوتابخانەکان و دووەمیشیان مامۆستا.

یەکەمیان پەیوەستە بە باری ئابووریی هەرێمەوە، هەرچەندە ئەگەر كاركردن لەسەری بە خێراییش نەبێت، پێویستە هێدی ھێدی قوتابخانەی نوێ دروست بکرێن و قوتابخانە کۆنەکان باشتر بکرێن و نوێ بكرێنەوە تاوەکو ئەو ژمارە زۆرەی قوتابییان لە یەک پۆلدا کەم بکرێنەوە و نزیك بكرێنەوە لە ستانداردی وڵاتانی پێشکەوتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەمەوێ زیاتر تیشک بخەمە سەر تەوەری دووەم، کە مامۆستایە. لە ڕاستیدا ئەم پرۆسەیە لە ناو بازنەیەک دایە كە چەقەكەی مامۆستایە و دەورەدراوە بە قوتابی، تیمی بەڕێوەبردن، باڵاخانە و کەرستەی فێرکردن. بە بۆچوونی من ڕێژەی هەرە زۆری پێشکەوتن و دواكەوتنی پرۆسەکە پەیوەندیی بە مامۆستاوە هەیە. پێش هەموو شتێک پێویستە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان باشتر بکرێت، لانی کەم مامۆستا لە دوای دەوامی قوتابخانە پێویستیی بە کارکردنی تر نەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سندووقی پەروەردە و خوێندن تاوتوێ بکات، بۆ ئەوەی لە هەموو سات و کاتێکدا بتوانێت بە جێگیری و بێ کورتهێنان پڕۆسەکە بەردەوام بکات. ئەو سندووقە وادەکات باوک و دایک پارەیەکی زۆر کەم بدەنە قوتابخانە حکوومیەکان (بۆ نموونە لە ڕێگای باجدان) لە جیاتی ئەو پارە زۆرەی کە دەیدەن بە قوتابخانە تایبەتەکان. ھەروەھا حکوومەت دەتوانێ باجێکی کەم بخاتە سەر کەرتەكانی تر و پارەکە لە سندووقی پەروەردە و خوێندن پاشەكەوت بكات و کەس نەتوانێت دەستی بۆ ببات و تەنها بۆ کەرتی پەروەردە و خوێندن تەرخان بكرێت.

لە لایەکیترەوە پێویستە مامۆستا بخرێتە ناو پرۆسەیەکی ڕاهێنانی چڕ بۆ ئەوەی لە فێرکەرەوە بگۆڕدرێت بۆ پێداگۆگ (پەروەردەکار)، پێداگۆجی پرۆسەی گواستنەوەی زانین و توانا پراکتیکیەکانە لە ناو بازنەی فێرکردندا، هەروەها زۆر گرنگی دەدات بەو کارلێکانەی، کە لە کاتی فێرکردندا لە نێوان قوتابییان و مامۆستایان ڕوو دەدەن. لایەنی تیۆری و پراكتیكیی پێداگۆجی بەپێی گۆڕانی كۆمەڵگە، سیاسەتی وڵات و كولتوور و دەورووبەر گۆڕانكاریی بەسەردا دێت. هەر لەبەر ئەوەشە کە ناتوانین پرۆسەی پێداگۆجی وڵاتێک کۆپی بکەین بۆ وڵاتێکی تر، نموونەش بۆ ئەوە کە هەرێمی کوردستان ویستی پرۆسەی خوێندن لە وڵاتی سوید کۆپی بکات، بەڵام تووشی زۆر ئاستەنگ بوو! بەهەرحاڵ هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو سیستەمە کلاسیکیەی هەرێمی کوردستان کارێکی دڵخۆشکەر و پۆزەتیڤە. زۆر گرنگە لە ناو ئەم پرۆسەیەدا دایکان و باوکان تێبگەن، کە باشترین وەبەرهێنان لە ژیانیاندا وەبەرهێنانە لە منداڵەکانیان. پێویستە هۆشیار بکرێنەوە کە منداڵەکانیان کەرەسەیەکی خاون و دەبێ بخرێنە ناو مەکینەی پەروەردە و خوێندن، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا ببن بە تاکێک کە لە بازاڕی کاردا تواناکانیان بە گەڕ بخەن. گرنگترین پایەکانی پێداگۆجی بریتین لە بەھا بنچینەییەكان، ستراتیجیەت، تیۆری و پراکتیزەکردن، کۆنتێکست (گونجان لەگەڵ دەوروبەر لە کاتی هەر ڕووداوێک یان هەر بیرکردنەوەیەکی نوێدا)، ئاشنابوون بە ڕێگاکانی وانەوتنەوە، پرۆگرامی وانەکان، پرۆسەی فێرکردن و هەروەها زانیاریی تەواو لەسەر پێکهاتەی گشتیی قوتابخانە لە هەموو ڕوویەکەوە. لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەمدا دەمەوێت بە کورتی تیشک بخەمە سەر بناغەی سەرەکیی درووستبونی هەر پێداگۆگێک، کە ئەویش دروستبوونی بەھای بنچینەیی مامۆستایە. پێویستە مامۆستا بزانێت کە خوێندنی وانەکان پێویستە، بەڵام ھەموو شت نییە، واتا ئەگەر توانیمان قوتابیان پڕ زانین بکەین و تواناکانیان بەرز بکەینەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا نەمانتوانی فێری ڕێز و بەها مرۆڤایەتیەکانیان بکەین، هیچ گومانی تێدا نییە کە پرۆسەکە لە کۆتاییدا پرۆسەیەکی سەركەوتوو نابێت. یەکێک لە ئەرکە هەرە سەختەكانی قوتابخانە ئەوەیە کەوا زانیاری دەبێت بخرێتە ناو بازنەیەکەوە و گرێ بدرێت بە سێ فاکتەری گرنگەوە، ئەوانیش کات، مامۆستا، هەروەها موڕاڵ و هەڵسوکەوت. موڕاڵ بە واتای ئەوەی کە ڕاست و چەوت لێکجیا بکرێنەوە، یان هەڵسوکەوتی باش و خراپ دیاری بکرێن. هەروەها چۆنیەتیی کاردانەوە بەرامبەر هەر کارێکی لەناکاودا بەشێکی گرنگی موڕاڵە.

قوتابخانە شوێنی تێکەڵبوون و پەیوەندی دروستکردنە، کە تیایدا قوتابییان فێری پەیوەندی دروستکردن دەبن لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ کۆمەڵگا بە گشتی، لەوەش گرنگتر قوتابی فێر دەبێت کە چۆن لە ناو گرووپێک ئیش بکات و بەشێک لە ئەرکەکانی گرووپەکە ئەنجام بدات، واتا بەهێز بوونی تواناکانی قوتابی بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدان. پێویستە ھزر و تێگەیشتنی مامۆستا بە پرینسیپە سەرەکیەکانی ژیان بە هەموو ماناکانیەوە ئاو بدرێت، ئازادی و بەیەکەوەبوون بكاتە بەرنامەی ژیان نەوەک خۆسەپاندن و خۆجیاکردنەوە. مامۆستا نابێتە پێداگۆگ هەتا بە قەناعەتەوە تێنەگات کە ژیانی هەموو مرۆڤەکان وەکویەکن و جیاوازی نیە لە نێوان قوتابییانی کوڕ و کچ،  هەروەها پێویستە مامۆستا زۆر زیاتر هەماهەنگی و یارمەتیی ئەو قوتابیانە بدات کە لە وانەیەک یان زیاتر بێ توانان، بە هەمان شێوە ئەو قوتابییانەی کە زیاد لە پێویست هەستیارن. قوتابخانە بۆ ئەوە نیە کە قوتابییەکی زیرەک خەڵات بكرێت و شانازیی پێوە بکرێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە قوتابییەکی کەم توانا بگەیەنرێتە ئاستی قوتابیەکی بە توانا. لە وتارەکانی داهاتوومدا، تیشک دەخەمە سەر پایەکانی تری پێداگۆجی و جیاوازیی نێوان  پڕۆسەی فێرکردن و ئەرکی وانەوتنەوە، هەروەها تیشک دەخەمە سەر پڕۆسەی گواستنەوەی سیستەمی خوێندن لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و تێکڕای گۆڕانکارییە پێویستەکانی ئەم پڕۆسەیە.

* مامۆستای زانکۆ/ سوێد

* دکتۆرا لە ماتماتیک