عێراق رێککەوتنێک لەگەڵ چین کارادەکاتەوە

چین کڕیاری یەکەمی نەوتی عێراقە
ئاڵای چین - ئاڵای عێراق
ئاڵای چین - ئاڵای عێراق

K24 - هەولێر

عێراق کاراکردنەوەی هەژماری بانکی وەبەرهێنان لەگەڵ چین بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکان رادەگەیەنێت.

مەزهەر محەمەد، راوێژکاری ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لێکەوتەی ئەرێنی لەسەر وەبەرهێنان هەیە، بەتایبەت لەسەر رێککەوتننامەی  هاریکاری عێراق و چین، کە مانگانە بڕی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی چین دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، چین کڕیاری یەکەمی نەوتی عێراقە و %40ـی نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی جیهان لە چین ساغ دەبنەوە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە هەر گۆڕانکارییەک لە نرخی نەوت دروست بێت، لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرهێنان هەژمار دەکرێت، کە چین دەبێت لە عێراق ئەنجامیان بدات.

مەزهەر محەمەد، ئاشکراشی کرد، لەچوار مانگی رابردوو هەژماری بانکی وەبەرهێنانیان لەگەڵ چین کارا کردووەتەوە، کە پڕۆژەکان لە بواری ژێرخانی ئابووری عێراق ئەنجامدەدرێن لەلایەن کۆمپانیا چینییەکان.