بەفەرمی لە خولی نایابی عێراق رێگا بە ئامادەبوونی %30ـی هاندەران دەدرێت

یاریی زاخۆ و ئەمانەی بەغدا
یاریی زاخۆ و ئەمانەی بەغدا

بەفەرمی لەسەر رەزامەندی لێژنەی باڵای تەندروستی لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراقەوە رێگا بە ئامادەبوونی %30ـی هاندەران دەدرێت.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندووە، لێژنەی باڵای تەندروستی رەزامەندیی لەسەر داوایەکەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە لەمەودوا لە یارییەکانی خولی نایابی عێراق رێگا بە ئامادەبوونی %30ـی هاندەران دەدرێت.

ئەحمەد موسەوی، گوتەبێژی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندووە 'هەر کەسێک ڤاکسینی وەرگرتبێت بەو مەرجەی کارتی زانیاریی ڤاکسینەکەی لەلا بێت رێگای پێدەدرێت بچێتە ناو یاریگا، سێ کاتژمێر پێش هەر یارییەکیش دەبێت سەنتەرێکی گەڕۆک لە دەوروبەری یاریگاکان ئامادە بێت تا ڤاکسین بداتە ئەو هاندەرانەی تا ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە'.

نزیکەی ساڵێک و نیوە بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاندەران ناتوانن لە خولی نایابی عێراق ئامادەی یارییەکان بن، بەگوێرەی ئەم بڕیارە لە رۆژی چوارشەممەوە گەڕی پێنجەمی خولەکە بە ئامادەبوونی هاندەران دەستپێدەکات.

لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێراق هەر سێ یانە کوردستانییەکە (هەولێر و زاخۆ و نەورۆز) لە دەرەوەی یاریگای خۆیان یاریی دەکەن.