"ڤینگه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرینگ به سه‌رجه‌م راهێنه‌ره‌كانی جیهان ده‌كات"
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی بانگهێشتی سه‌رجه‌م راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كان و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی وه‌رزشی گه‌وره‌ی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی مشت‌ومڕ بكرێت له باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی مۆندیال بۆ هه‌ردوو ساڵ جارێك.
ئارسن ڤینگه‌ر راهێنه‌ری پێشووی ئارسێناڵ ئێستا به‌رپرسی گه‌شه‌پێدانی فیفایه و سه‌رپه‌رشتیاری كۆبوونه‌وه‌كه ده‌كات و تێیدا تاوتوێی ئه‌وه ده‌كه‌ن مۆندیال له چوار ساڵه‌وه بۆ دوو ساڵ كه‌مبكرێته‌وه.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ورووپا له یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌یدا ڕه‌تی ده‌كاته‌وه به‌شداریی له هه‌ر خول و پاڵه‌وانێتییه‌كی نوێ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت رازی نین ئه‌گه‌ر ده‌ستكاری خشته‌ی به‌ڕێوه‌چوونی مۆندیال و كه‌مكردنه‌وه‌ی بۆ دوو ساڵ بكرێت.
ئارسن ڤینگه‌ر راهێنه‌ری پێشووی فه‌ره‌نسی له لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ده‌ڵێت: ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك راهێنه‌ری گه‌وره‌ی هه‌ڵبژارده‌كان رۆڵێكی گه‌وره له یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و گفتووگۆیانه ده‌بینێت، ده‌شڵێت: پێویسته سوود له‌و خڕبوونه‌وه و به‌شداریكردنی راهێنه‌ره‌كان ببینین، چونكه له ئێستادا فیفا بیر له‌وه ده‌كاته‌وه مۆندیال دوو ساڵ جارێك به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به گفتووگۆیه، ئه‌گه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌یه سه‌ربگرێت، ده‌بێت له پێناو پشووی زیاتر بۆ یاریزانه‌كان، هه‌ندێك له پاڵه‌وانێتییه‌كانی ئه‌ورووپا سنووردار بكرێن و كه‌مبكرێنه‌وه.
ڤینگه‌ر كه ڕاوێژكارێكی نزیكی جیان ئینفانتینۆی سه‌رۆكی فیفایه، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌ست به نادادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن كه مۆندیال چوار ساڵ جارێك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چونكه چه‌ندان هه‌ڵبژارده هه‌یه تا ئێستا نه‌یتوانیوه به‌شداریی مۆندیال بكه‌ن.